چاویارنیوز _ ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد نووسەر و رۆژنامەنووس باس لەوە دەکات، دەوڵەتێکی وەک تورکیا کەوتۆتەسەر شەش دەریا، بەڵام بەهێندەی گەرووی هورمز کاریگەریی نییە لە جووڵەی ئابووریی کەنداو و ناوچەکەدا و بەلای جیهانیشەوە گرنگ نییە و کاریگەریشی بەهێندەی هورمز لە بازاڕی نەوتدا نییە، چونکە گەروو و تەنگەبەرییەکان لە جیهاندا، لەپاڵ هێزی ئابووریدا، هێزی سیاسی و سەربازیشیان هەیە، ئەمە جیاوازییەکەیە، گەرووەکان رێڕەوی بەهێزترن وەک لە دەریا و زەریاکان زیاتر خاڵی ئابوورین.
ئەو نووسەرە دەڵێت: ئێران، لەپێش جەنگەکەیدا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، خاوەن ئەم وێنەیەی ئێستا نەبوو کە زیاتر وەک هەژموون و رووخسارێکی تازەی سەربازیی و سیاسیی ناوچەکە دەبینرێت، هەموو ئەو پێگە گەورە و ناونیشانە نوێیەش لە هێزی گەرووی هورمزەوە وەریگرتووە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گەرووی هورمز پێش جەنگ رێڕەوێکی ئاوی ئازاد بوو، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ، ئێران دوورگەکەی داخست و چاودێریی تەواوی خستەسەر هورمز و هێزی گەورەی لە هورمز وەرگرت، بەوەش دەستکاریی پێگەی جیۆسیاسیی خۆی کرد.
ئاماژە بەوە دەکات، گرنگیی هورمز بۆ ئێران تەنها هێزی ئابووری نییە، بەڵکو هێزی سیاسی و سەربازیشە لە ئێستادا، ئەگەر هورمز نەبوایە، ئەوا ئێستا هێرشی زەمینی کرابووەسەر ئێران بەتایبەت لە خاکی کوێت-ەوە، چونکە لە یەکەم رۆژی جەنگەکەوە، کوێت ئامادەکرابوو بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران، ئەمەش بەهۆی بوونی ئەو سێ بنکە سەربازییەی ئەمریکاوە (عەریف جان) و (عەلی سالم) و (پریمۆد) کە بە 300 کیلۆمەتر نزیکن لە سنوورەکانی ئێرانەوە، لە کوێتەوە سەرباز دەهاتە ناو یارییەکەوە و هەموو شتێکی لە ئێران تێکدەدا و هەموو شتێکی بۆ ئەمریکا ئاسان دەکرد لە رێگەی مووشەکی (های مارس) کە سیستمی هەڵدانی ئەم مووشەکە لە کوێت-دا جێگیرکرابوو.
راشیگەیاندووە، ئێستا لەکاتێکدا هورمز هێزێکی گەورەی بە ئێران بەخشێوە و پێگە ناوچەییەکەی بەهێزترکردووە، هاوکات ئێران هەموو ئەو مەترسییانەی دوورخستۆتەوە کە لە رێگەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکاوە لە نزیکی هورمز بۆ سەر ئێران هەبوون، ئەمە جگە لەوەی هێزی هورمز ئێرانی کردۆتە وڵاتێکی گەورەی دانووستان لەگەڵ ئەمریکا نەک ئیسرائیل، هێزی ئەم گەرووە وای لە ئێران کردووە هەم لە دانوستان و هەم لە جەنگیشدا ئاسان نەچێتەپێش و داواکاریشی هەبێت.ئێستا ئێران هەڵگری تێگەیشتنێکی نوێیە بۆ گرنگیی گەرووی هورمز، ئەو هەنگاوەی ئێران کە چیتر رێگەی گەشتیوانیی ئازاد نادات لە گەرووی هورمزدا، هێزی پێشەوەی جەنگەکە دایدەخات بە رووی هەموو جووڵەیەکی ئابووری، سەربازی و سیاسیدا کە دژی ئێران بێت، ئیدی پێگەی جیۆسیاسیی ئێران لە قۆناغی دوای تەراتێنە ئازادانەکەی هورمز جیاوازە، هێزی هورمز هەمان هێزی نەرمی جیهانییە کە ئێران دەتوانێت وەک نەخشەی (جێپێی ئاوی)ی خۆی پیشانی جیهانی بدات، بەمەش ئێران ئێستا خاوە باشترین جێپێی ئاوییە کە نەک بۆ وڵاتانی کەنداو، بەڵکو بۆ تەواوی جیهانیش گرنگە، ئەمەش ئەو راستییە پیشاندەدات کە لەسەرەتاوە وتمان «جێپێی ئاوی هەر ئەوەندە نییە وڵاتان کەوتبنەسەر رۆخی دەریاکان»، لەوە گرنگتر ئەوەیە ئەو جێپێ ئاوییانە چۆن بتوانن لە دەرەوەی جووڵەی ئابووری و گەشتیوانی، جووڵەی سەربازی و سیاسیشیان هەبێت.
ئازاد ئیبراهیم دەنووسێت، ئەگەرچی لە دوو رۆژی رابردوودا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دووجار رایگەیاند «بەمنزیکانە گەرووی هورمز دەخەینە ژێر دەسەڵاتی ئەمریکاوە»، بەڵام ئەوە هەر خودی گەرووی هورمزە وایکردووە، هەم هەنگاوی گەورەی لاوازکردنی ئێرانمان نەبینیوە، هەم مانای ئەوەیە هێشتا گەرووەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئێرانییەکاندایە و خاوەن هێز و وزەی نوێ و گەورەیە بۆ ئێران و رۆژ لەدوای رۆژیش پێگەی جیۆسیاسیی ئێران پیشانی جیهان دەدات، رەنگە ئەمەش وابکات گفتوگۆ و دانوستان ئەگەری زیاتر و نزیکتر بێت وەک لە جەنگی دوورمەودای نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.
No Comment! Be the first one.