چاویارنیوز ـــ یانەی یۆڤانتۆس توانی زیادکردنی سەرمایە بە بڕی 97.8 ملیۆن یۆرۆ تەواو بکات و سەرچاوەی دارایی نوێ بخاتە ناو هەژمارەکانییەوە.
ئەم کارە دەرفەتێکی نوێی بۆ ئیدارەی یانەکە ڕەخساندووە بۆ ئەوەی پلان و چالاکییە ستراتیژییەکانی یانەکە لە بازاڕی گواستنەوەکانی مانگی یەکدا بە ئازادییەکی زیاترەوە بەڕێوەببات.
بەپێی ئاماری سکای ئیتالیا، لەم پرۆسەیەدا 37,912,181 پشکی نوێ دەرچووە، کە دەکاتە نزیکەی 9.1%ی کۆی پشکەکانی یانەکە. نرخی هەر پشکێک بۆ وەبەرهێنەرانی دامەزراوەیی بە 2.58 یۆرۆ دانرا و خاوەن پشکە سەرەکییەکانیش لەوانە ئێکسۆر و تێزەر کە بە ڕێژەی 65.4% و 11.5%ی پشکەکانی یانەکەیان هەیە، پشکی نوێیان بە ڕێژەی پشکەکانیان وەرگرت. یەکلاکردنەوەی پێشکەشکردنی پشکەکان لە ڕێگەی گەیاندنی زەمانەت و پێدانی بڕە پارەی هاوتا لە 25ی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت. لە کۆی بەهای پشکە نوێیەکان، 97.8 ملیۆن یۆرۆ، نزیکەی 1.5 ملیۆن یۆرۆ بە بەهای هاوتا و 96.3 ملیۆن یۆرۆ وەک سەرمایەی خەرجکراو تۆمارکراوە.
ئەو پارەیەی لەم زیادکردنی سەرمایە کۆدەکرێتەوە، بڕیارە لە پلانی ستراتیژی وەرزەکانی 2024/25 تا 2026/27 بەکاربهێنرێت. ئامانجەکانی ئەم پلانە بریتین لە بەهێزکردنی پێکهاتەی سەرمایە، گەیشتن بە سەقامگیری دارایی، پێشخستنی براندی یۆڤانتۆس لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، وردە وردە کەمکردنەوەی قەرزەکان و پاراستنی توانای ڕکابەریی یانەکە لەسەر ئاستی نیشتمانی و ئەوروپا. شارەزایان پێیان وایە ئەم ڕێوشوێنە داراییە یوڤانتۆس دەخاتە سەر ڕێگای گەڕانەوە بۆ پێگەی پێشووی لە تۆپی پێی ئەوروپا و ڕێگە بە ئیدارەی یانەکە دەدات بە هێزێکی زیاترەوە پلان دابنێن بۆ ڕاکێشانی یاریزانان و گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکانی یانەکە.
No Comment! Be the first one.