چاویار نیوز – ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی خاتەمولئەنبیا لە پەیامێکدا رایگەیاند، “هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە راشکاوی و بڕیارێکی توندەوە رایدەگەیەنن، ئاسایشی بەندەرەکان لە کەنداو و کەنداوی عومان یان بۆ هەمووان دەبێت، یان بۆ هیچ وڵاتێک.
ئاماژەی بەوەکرد، “هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرگری لە مافە یاساییەکانی وڵات بە ئەرکێکی یاسایی و رەوا دەزانن، لەسەر ئەم بنەمایەش پاراستنی سەروەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاوە هەرێمییەکانی وڵاتەکەماندا، مافێکی سروشتیی گەلی ئێرانە.
وتیشی، “کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی جەنگیش، میکانیزمێکی هەمیشەیی بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز جێبەجێ دەکات”.
وتەبێژی خاتەمولئەنبیا جەختی لەوەشکردەوە، “ئەگەر ئاسایشی بەندەرەکانی ئێران لە کەنداو و کەنداوی عوماندا هەڕەشەیان لەسەر بێت، ئەوا هیچ بەندەرێک لەم دوو کەنداوەدا پارێزراو نابن”.
ئەم پەیامەی وتەبێژی خاتەمولئەنبیا لەکاتێکدایە زیاتر لە 48 کاتژمێر تێپەڕدەبێت بەسەر جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران لە کەنداو و کەنداوی عومان.
No Comment! Be the first one.