چاویار نیوز – محەمەد هەورامی، ڕۆژنامەنووس لە میانی چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا لە كەناڵ8 ڕەخنەی لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش گرت كە پێویست بوو ڕوونكردنەوەی رەسمییان لەسەر قسەكانی دۆناڵد ترەمپ هەبوایە، كاتێك وتبووی “كوردەكان چەكانیان بۆ خۆیان بردووە”. هەورامی پێی وایە لەبەر شكۆ و پێگەی كورد، دەبوو وەزارەتی ناوخۆ ڕوونی بكاتەوە كە هەرێمی كوردستان پێویستی بەو چەكانە نییە، بەتایبەت كە حكومەتی هەرێم لە سەرەتای ململانێكانی ئەمریكا و ئێران بێلایەنی خۆی ڕاگەیاندووە.
لەبارەی ئەو ڕۆژنامەنووسەی كە لە پرسیارێكدا بۆ دۆناڵد ترەمپ، شاری سلێمانی تۆمەتبار كردبوو بە بردنی چەكەكان، هەورامی وتی، ئەو پەیامنێرە لە میدیایەكی نزیك لە پارتی كار دەكات و ویستوویەتی سلێمانی ناشرین بكات. داواشی كرد ئەو دەزگا میدیاییە سزای پەیامنێرەكەی بدات، چونكە ئەم پرسە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانییەوە هەیە نەك كێشەی نێوان شارەكان، ئاماژەی بەوەش كرد كە لە سلێمانی 2 ملیۆن دانیشتوو هەیە و تەنانەت دەنگدەری پارتیشی تێدایە.
جەختیشی كردەوە كە حكومەتی ئەمریكا باش دەزانێت چەكەكانی لە كوێن و دەزانن لە هەولێرە و ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆ كراون.
No Comment! Be the first one.