چاویارنیوز – سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق ڕایگەیاند: لەمەودوا بەغدا داهاتی ناوخۆ لە مووچەی فەرمانبەران دەبڕێت.
حکومەتی فیدراڵ لەڕێگەی وەزیری دارایی عێراقەوە، ئاگاداری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردوەتەوە کە پابەند بێت بە ڕادەست کردنی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی مانگانە،ئەگەر نا هەر کورتهێنانێک لەو داهاتەدا، لەو پارەیە پڕ دەکرێتەوە کە مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، لە سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، وەزیری دارایی عێراق داوای کردووە هەرێم پابەند بێت بەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ حکومەتەکەی سودانی بۆ ڕادەست کردنی داهاتی ناوخۆ کردویەتی، تا ئەو کاتەی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پێک دەهێنرێت.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد،حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ڕێککەوتنێکی نوێ لەسەر داهاتی ناوخۆ لەگەڵ بەغدا بکات، بەڵام گرفتی گەورەی بەردەمی ئەوەیە، حکومەتی هەرێم کاربەڕێکەرە و دەسەڵاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنی نوێی نییە.
وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی گوتوە:هەر کورت هێنانێک لە ناردنی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان،بە کەم کردنەوەی کۆی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پڕ دەکرێتەوە.
No Comment! Be the first one.