چاویارنیوز _ ئیڤەرتۆن لەگەڵ مۆناکۆ گەیشتە ڕێککەوتنێکی تەواو بۆ گواستنەوەی فولارین بالۆگان، هێرشبەرە نێودەوڵەتییە ئەمریکییەکەش ئامادەیە گەشت بکات بۆ ئینگلتەرا و پشکنینی پزیشکی ئەنجام بدات، دوای ئەوەی ڕێککەوتن لەسەر گرێبەستەکەی بۆ ماوەی چوار ساڵ کرا.
ئیڤەرتۆن لە لێواری ئەوەدایە یەکێک لە گرنگترین گرێبەستەکانی هاوینەی ئەنجام بدات. یانەی تۆفیز لەگەڵ مۆناکۆ گەیشتووەتە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ گواستنەوەی فولارین بالۆگان، ئەگەر هێرشبەرە تەمەن 25 ساڵەکە لە پشکنینە پزیشکییەکەی دەربچێت، ئەوا گواستنەوەکەی بەمنزیکانە بە فەرمی دەکرێت. بەگوێرەی فابریزیۆ ڕۆمانۆ، بالۆگانیش لەسەر مەرجی شەخسی لەگەڵ ئیڤەرتۆن گەیشتووەتە ڕێککەوتنێکی تەواو. گرێبەستەکەی هێرشبەرە ئەمریکییەکە لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە بۆ ماوەی چوار ساڵ دەبێت و بڕگەیەکیشی هەیە بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ وەرزێکی دیکە. هەروەها مۆناکۆ ڕێگەی بە یاریزانەکەی داوە سبەی سێشەممە سەردانی ئینگلتەرا بکات و پشکنینی پزیشکی بۆ ئەنجام بدات.
ئیڤەرتۆن 45 ملیۆن یۆرۆ وەکوو گرەنتی پارە دەدات بە مۆناکۆ، لەگەڵ 5 ملیۆن یۆرۆی دیکە وەک پاداشتێکی ئەگەری. جگە لەوەش یانە فەرەنسییەکە لەسەدی هەر فرۆشتنێکی بالۆگان لە داهاتوودا ژێژەیەک وەردەگرێت. ئەگەر هەموو پاداشەکان چالاک بکرێن، ئەوا بەهای گواستنەوەکە دەگاتە 50 ملیۆن یۆرۆ. بڕیارە بالۆگان دوای سێ وەرز لە تۆپی پێی فەرەنسا بگەڕێتەوە ئینگلتەرا. ئەو یاریزانە یاری پڕۆفشناڵی لە یانەی ئارسناڵ دەستپێکرد و لە هاوینی 2023وە پەیوەندی بە مۆناکۆوە کردووە. هێرشبەرە ئەمریکییەکە 91 یاری لەگەڵ مۆناکۆ ئەنجامداوە و 31 گۆڵیشی تۆمارکردووە.
No Comment! Be the first one.