چاویارنیوز ـ هەر خۆی بە پیاو دەزانێت، قیمەت بۆ کەس دانانێت. کول فی کولە. بە قسەی کەس ناکات. کەس ناوێرێت لە قسەیا قسە بکات. کەس لە بەردەمیا فزە ناکات. گونی گوندار دەرئەهێنێت. زۆر دەربڕینی تر لە ناو قسەی ڕۆژانەی کۆمەڵگای کوردیدا ئامادەیی هەیە. ئەم دەربڕینانە زۆر ئاسایی و بێ هیچ ڕامانێک دەوترێن و دووبارە دەکرێنەوە.
بەڵام لە هەناویدا فەلسەفەیەکی قوڵی دەسەڵاتدارێتی خۆی پەنهان داوە.
دەسەڵات لەم ڕوانگەیەوە بریتیە لە کپکردن و بێدەنگکردن و ترساندنی هەموو ئەوانیتر، هەتا زەمینەی ئەوە بڕەخسێت ئەوەی دەخوازیت یان ئارەزوی دەکەیت بیکەیت بەبێ هیچ ڕێگرییەک.
تاک بە تاکی مرۆڤی کورد لە قوڵایی ناخیەوە ئاشنایە بەم مۆدێلە لە پیادەکردنی دەسەڵات.
لە دونیادا ڕەوتێکی تر هەیە بۆ پێناسەکردنی دەسەڵات کە پیادەکردنی دەسەڵات جودا دەکاتەوە لە پشت بەستن بە هێز و فشار و زەبر. لای فۆکۆ بو نمونە دەسەڵات بریتیە لە وەها لێکردنی ئەوانیتر کە ئەوە ئەنجام بدەن کە تۆ دەتەوێت بەبێ هەستکردن بە هیچ فشار و زەبر و هێزێک.
لە کۆمەڵگای کوردیدا ئەم جوداکردنەوەیە ڕوی نەداوە. چۆن زەبر و دەسەڵات لە یەکتر جودا بکەینەوە. ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە تۆ دەزگات نیە، یاسات نیە، دەستورت نیە. بە مانگ و ساڵ پەرلەمان پەکی دەکەوێت کەس مێشێک میوانی نیە. هۆکاری ئەمە ئەوەیە لە هەناو یان عەقلیەتی مرۆڤی کورددا ئەم مۆدێلە مۆدێرنەی پیادە کردنی دەسەڵات بونی نیە.
دەسەڵات بریتی نیە لە بایەخدان، کە فۆکۆ لە شوانکارێتیدا دەیبینێت.
تۆم باراکیش لەم ڕوانگەیەوە پیادەکردنی دەسەڵات دەبینێت. ئەو وەها دەبینێت کە دەبێت هەموو توانا و زەبرەکان لە ناو دەستی خۆتدا کۆبکەیتەوە بۆ ئەنجامدانی ئەوەی دەتەوێت بەبێ هیچ گوێپێدانێک بەبونی ڕێگریی.
لە دونیای کوردیدا زۆر باس لە یاسا دەکرێت. ژمارەی ئەو خەڵکانەی کە هەڵگری بڕوانامەی یاسان لە توکی سەری من زۆرترن. بەڵام یاسا وەک کردەیەکی پیادەکردنی میکانیزمیانە دەبینرێت. یاسا وەها نابینرێت کە بریتیە لە پرۆسەی داڕشتنی ڕێگایەک بۆ جیاکردنەوەی ڕێگەپێدراو و ڕێگەپێنەدراو لە میانەی پیادەکردنی دەسەڵاتدا. کاتێک فەلسەفەی یاسا بونی نیە، یاسا تەنها وەک ئامراز دەبینرێت نەک وەک پرۆسەی جوداکردنەوەی باش و خراپ لە پێناو سودی گشتیدا.
ئەمەشە هۆکاری ئەوەی کە خەڵک لە کوردستان بونەوەری وەها هەڵدەبژێرن بۆ داڕشتنی یاسا، بە خەیاڵی مێرولەشدا نەهاتوە.
No Comment! Be the first one.