چاویارنیوز – ڕاپۆرتە هەواڵییە ئەمریکییەکان ئاشکرایان کردووە کە چالاکییە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل بۆ دەستکەوتنی زانیاری لەسەر دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران، بە شێوەیەکی بێپێشینە زیادیان کردووە و سەرجەم سنوورە دیپلۆماسی و هەواڵگرییەکانی نێوان هەردوو هاوپەیمانەکەی بەزاندووە.
ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز”ی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ زانینی ستراتیژیەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەبارەت بە دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان، تەلئەبیب تۆڕەکانی تنۆکەکردن و سیخوڕییەکەی بە شێوەیەک فراوان کردووە کە بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکای گرتووەتەوە، لەنێویاندا “ویتکۆف” (سێنت ڕیچارد ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا).
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم ئاستە بەرزە لە چالاکی هەواڵگری ئیسرائیل لە دژی واشنتن، لە ئاستی هەر هاوپەیمانێکی دیکەی ئەمریکا و تەنانەت وڵاتە نەیارەکانیش زیاترە. بەرپرسانی ئەمریکی شێوازی کۆکردنەوەی زانیارییەکانی ئیسرائیلیان لەم قۆناغەدا بە “بێسەروبەر و بێپێشینە” وەسف کردووە.
ئەم گرژییە هەواڵگرییە لە کاتێکدایە کە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران پێ دەنێتە ١٠٠هەمین ڕۆژی خۆیەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵە سیخوڕییانەی ئیسرائیل، وڵاتی پاکستان هاتووەتە سەر هێڵ و ئەرکێکی نوێی نێوەندگیری بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و نزیککردنەوەی ڕاکانی واشنتن و تاران دەستپێکردووە، ئەمەش وایکردووە ئیسرائیل بە گومانەوە بڕوانێتە ئەنجامی دانوستانەکان
No Comment! Be the first one.