چاویارنیوز _ لە رێککەوتی 6ـی ئابی 1945 هێرۆشیما کەوتەبەر بێڕەحمی چەکی ئەتۆمی ئەمریکا و بێڕەحمانە بۆردومانیکرد، پاشان تەنها لەدوای سێ رۆژ بە بۆمبێکی تر ناکازاکیشی وێران کرد، ئەوەی ئەمریکا کردی لەمێژووی جەنگە وێرانبارییەکاندا بووە دوو حاڵەتی تایبەت کە چەکی ئەتۆمی لە سەردەمی جەنگدا بەکارهاتبێت.
بەپێی زانیارییە مێژووییەکان، ئەمریکا بەتەواوی خۆی ئامادەکرد بۆ ئەو تاوانە مێژووییە مرۆڤایەتییە و سەرەتا پێکاتە جیاوازەکانی بۆمبەکەی رەوانەی بنکەی سەربازیی تینیان کرد و لەوێ کۆکرانەوە و دوو بۆمبی لێ دروستکرا.
یەکیان ناوی “کوڕە بچکۆلە”کەی لێنرا کە بۆمبێکی یۆرانیۆمی 4.5 تۆنی بوو. هێزی تەقینەوەکەی یەکسانبوو بە تەقینەوەی 15 هەزار تۆن TNT.
بۆمبەکە خڕایە سەر فڕۆکەی بۆمبهاوێژی بی-29 بە ناوی “ئینۆلا گەی”، لە کاتی خۆرهەڵاتندا لە 5ی ئاب بەرەو ژاپۆن بەڕێکەوت. دوو فڕۆکەی تری لەگەڵدا بوو، یەکێکیان بۆ وێنەگرتن و ئەوی دیکەیان بەرپرسیار بوو لە پێوانی زانستییەکان.
شاری هێرۆشیما بەهۆی ئەوەی بنکەیەکی سەربازیی گەورەی تێدابوو، لە سەرووی لیستی ئامانجەکانی ئەمریکاوە بوو.
کاتێک فڕۆکە ئەمریکییەکان گەیشتن، ئاسمانی هێرۆشیما ساماڵ بوو. لە سەعات 8:15 خولەکی بەیانی بە کاتی ناوخۆی ژاپۆن بۆمبەکە فرێدرایە خوارەوە.
بۆ ئەوەی کاریگەریی تەقینەوەکە زیاتر بێت، بۆمبەکە پێش ئەوەی بگاتە زەوی لە بەرزیی 600 مەترەوە تەقێنرایەوە.
تروسکەیەکی گەورە ئاسمانی رووناککردەوە، پاشان گۆڕا بۆ هەورێکی سپیی چڕ کە 15 کیلومەتر بەرزییەکەی بوو.
لە سەر زەوی و لە مەودای دوو کیلومەترەوە، خانوو و باڵەخانەکان لە چاو ترووکانێکدا تەخت بوون و ئاگر لە هەموو شوێنێک کەوتەوە.
زیاتر لە 70 هەزار کەس دەستبەجێ بوون بە قوربانی، دەیان هەزاری تریش بەهۆی برینداربوون و کاریگەریی تیشکدانەوە گیانیان لەدەستدا. مەزەندە دەکرێت بە گشتی 140 هەزار کەس لەو بۆردوومانەدا گیانیان لەدەستدابێت.
دوای سێ رۆژ و لە 9ـی ئابدا ئەمریکییەکان بۆمبی دووهەمیان بەکارهێنا. بەڵام ئەم بۆمبەیان لە پلۆتۆنیۆم دروستکرابوو. ئامانجەکە سەرەتا شاری کۆکورا بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەور ئاسمانی داپۆشیبوو، لە کۆتا خولەکەکاندا ئامانجەکە بەرەو ناکازاکی گۆڕدرا.
بۆمبەکە ناوی “پیاوە قەڵەوەکە” بوو، لە بەرزیی 500 مەترەوە تەقێنرایەوە. مەزەندە دەکرێت کۆی گشتیی گیانلەدەستدان تا کۆتایی ساڵی 1945، 74 هەزار کەسی تێپەڕاندبێت.
بەهێزیی تەقینەوەکە یەکسانبوو بە تەقینەوەی 20 هەزار تۆن TNT. هەرچەندە بۆمبی دووهەم لە یەکەم بەهێزتر بوو، بەڵام گرد و بەرزاییەکانی ناکازاکی کاریگەریی بۆمبەکەیان کەمتکردەوە، کە ناوەندی شارەکە لەسەروو ناوچەی پیشەسازییەوە بوو، چڕیی دانیشتوانەکەی کەمتر بوو لە دانیشتوانی شاری هێرۆشیما.
81 ساڵ بەسەر تاوانەکەی ئەمریکا لە هێرۆشیما و ناکازاکی تێپەڕدەبێت
ئەمڕۆ زیاتر لە هەشت دەیە بەسەر ئەو رووداوە کارەساتبارەدا تێدەپەڕێت کە ئەمریکا بە بۆمبی ئەتۆم هێرۆشیمای بۆردومان کرد .
No Comment! Be the first one.