چاویارنیوز _ بەرشەلۆنە توانی لە جامی خوان گەمپری 2026 هەڵبژاردەی ئەلئەهلی میسری تێپەڕێنێت بە ئەنجامی 2-1 لە دوایین یاری پێش وەرز و جامەکەی لە بەردەم هاندەرانی لە یاریگای نیوکەمپ بەرزبکاتەوە.
یارییەکە شەوی چوارشەممە بەڕێوەچوو و لەڕاستیدا دوا تاقیکردنەوەی جدی بوو بۆ تیپەکەی هانسی فلیک پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێی لالیگا. بەرشەلۆنە سەرەتایەکی بەهێزی هەبوو و لە خولەکی 29 گۆڵی یەکەمی تۆمار کرد. حەمزە عەبدولکەریم، هێرشبەرێکی لاوی میسری کە مێژووی یاریکردنی بۆ یانەی ئەهلی هەیە، توانی دەوازەی تیپە پێشووەکەی بکاتەوە.
گۆڵەکەی حەمزە عەبدولکەریم یەکێک بوو لە ڕووداوە سەرنجڕاکێشەکانی یارییەکە، چونکە دوای تۆمارکردنی گۆڵ بەرامبەر تیپەکەی پێشووی خۆی لە خۆشییەکی زۆر دوور خستەوە و بە جۆرێک ڕێزی بۆ یانەکەی پێشووی نیشان دا.
لە خولەکەکانی کۆتایی نیوەی یەکەمدا، بەرشەلۆنە جیاوازییەکەی زیادکرد. لە خولەکی 45دا ڕافینها گۆڵی دووەمی بە لێدانی سزا تۆمارکرد و بارسا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک پێشکەوتنی بەدەستهێنا.
بەڵام ئەلئەهلی لە نیوەی دووەمدا دەستبەرداری نەبوو و بەخێرایی کورتهێنانەکەی کەمکردەوە. زیزۆ لە خولەکی 51 گۆڵی بۆ میسر تۆمارکرد و یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک درێژەی پێدرا. دوای ئەم گۆڵە ئەلئەهلی چەندین هەلی جددی هەبوو بۆ یەکسان کردنەوە، تەنانەت گۆڵێکی دیکەی هەبوو کە بەهۆی ئۆفسایدەوە ڕێگەی پێنەدرا.
شایانی ئاماژەیە کە گۆڵپارێزی ئەلئەهلی چەند گۆڵێکی گرنگی سەیڤ کرد، لەنێویاندا لێدانی سزای ئەنتۆنی گۆردۆن، نەیهێشت جیاوازییەکە فراوانتر بێت، بەڵام بەرشەلۆنە توانی تا کۆتایی پێشەنگی خۆی بپارێزێت. بەم شێوەیە جامی خوان گەمپر بە بردنەوەی بەرشەلۆنە بە ئەنجامی 2-1 کۆتایی هات.
هەروەها یارییەکە بۆ هاندەرانی بارسا گرنگییەکی تایبەتی هەبوو، چونکە یەکەم جامی خوان گەمپر بوو کە لە نیوکەمپ بەڕێوەچوو دوای گەڕانەوەی پاڵەوانێتییەکە بۆ یاریگا نۆژەنکراوەکە.
No Comment! Be the first one.