چاویارنیوز _ “مالکۆم فیلیپێ” لە پاش سێ ساڵ یاریکردنی بۆ یانەی ئەلهیلالی سعودیە بە ڕەزامەندی هەردوولا یانەکەی بەجێهێشت و دەستبەجێ بە گرێبەستێکی درێژخایەن پەیوەندی بە یانەی ئەلجەزیرەی ئیماراتەوە کرد.
یانەی ئەلهیلال بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی کۆتایی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئەو یاریزانە باڵە بەڕازیلییە ڕاگەیاندووە. تەنها چەند کاتژمێرێک دواتر ئەلجەزیرەی ئێمارات بە فەرمی گواستنەوەی “مالکۆم”ی ڕاگەیاند. ئەستێرەی پێشووی یانەی بەرشەلۆنە تا هاوینی 2029 گرێبەستی لەگەڵ یانە ئیماراتییەکە واژۆکرد، مالکۆم لە ماوەی یاریکردنی لەگەڵ یانەی ئەلهیلال، یەکێک بوو لە یاریزانە کاریگەرەکانی هێڵی هێرشبەری تیپەکە و بە کۆی گشتی 139 یاری لەگەڵ یانەکەدا بەشداری کردووە و 47 گۆڵی تۆمارکردووە و 41 ئەسیستیشی پێشکەش کردووە.
ئەو یاریزانە بەڕازیلییە لە ماوەی سێ ساڵی یاریکردنی لە یانەی ئەلهیلال، توانی جارێک خولی سعودیە بباتەوە، هەروەها دوو جامی شانشینی و دوو جامی سوپەری سعودیش بەدەستبهێنێت. مالکۆمی تەمەن 29 ساڵ، تۆپی پێی پڕۆفشناڵی لە یانەی کۆرینتیەنز دەستپێکرد و دوای درەوشاوەیی لەگەڵ بۆردۆ، ڕوویکردە بەرشەلۆنە. ئامادەبوونی لەگەڵ یانەیبەرشەلۆنە تەنها یەک وەرزی خایاند، دوای ئەوە پەیوەندی بە یانەی زینیت سانت پترسبۆرگەوە کرد، پاشان مالکۆم لە هاوینی 2023 بە گواستنەوەی گرانبەها ڕووی لە یانەی ئەلهیلال کرد و ئێستا یانەی ئەلجەزیرە بووەتە شوێنی نوێی پڕۆفشناڵی ئەو یاریزانە.
یانەی ئەلجەزیرە وەرزی ئاسیای خۆی بە دۆڕانی 4-1 لە یانەی ئیتیحادی سعودی لە قۆناغی پلەی ئۆفی خولی نایابی ئاسیا دەستپێکرد، لە ئەنجامدا، گواسترایەوە بۆ خولی پلە دووی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، تیپەکە لە کۆمەڵەی دووەمی ڕکابەرییەکاندایە لەگەڵ گۆلگۆهەری سیرجان، موحەڕەقی بەحرەین و ئەرکەداغی تورکمانستان بووتە هاوکۆڕ. ئامادەبوونی مالکۆم دەتوانێت یەکێک بێت لە گرنگترین گواستنەوەکان وۆ بەهێزکردنی یانەی ئەلجەزیرە بۆ ماوەی وەرزەکە، بەتایبەتی لە پێشبڕکێکانی ئاسیادا؛ یاریزانێک کە بە ئەزموونی تۆپی پێی ئەوروپی و سعودیە ئێستا وەرزێکی نوێی ژیانی وەرزشی خۆی لە خولی ئەدنۆکی ئیمارات دەستپێدەکات.
No Comment! Be the first one.