چاویارنیوز _ لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتا یاری نێودەوڵەتی لیۆنێل مێسی، مشتومڕ لەسەر داهاتووی درێسی ژمارە 10ی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بووەتە یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی تۆپی پێی ئەو وڵاتە.
کەناڵی ئێس پی ئێن پێشتر نیکۆ پازی وەک بژاردەی سەرەکی بۆ بە میراتگرتنی ژمارە مێژووییەکەی مێسی دەستنیشانکردبوو؛ بەڵام لێدوانە نوێیەکانی لیۆنێل سکالۆنی ئاماژە بەوە دەکەن کە هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە.
دوای زیاتر لە دوو دەیە یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی، مێسی بڕیارە بۆ دواجار درێسی هەڵبژاردەکەی لەبەر بکات لە یاریی دۆستانەی ئەرجەنتین بەرامبەر بێنین لە 6ی ئۆکتۆبەر، سکالۆنی جەختی لەوە کردەوە کە تا کۆتایی ئەو یارییە ژمارە 10 نادرێت بە هیچ یاریزانێک و مێسی خۆی لە یاریی ماڵئاواییەکەدا درێسەکەی لەبەر دەکات.
دوای ئەوە هەڵبژاردنی جێگرەوەی ژمارە 10 دەبێتە یەکێک لە بڕیارە گرنگەکان بۆ ستافی ڕاهێنەرایەتی. بەپێی هەواڵێکی ESPN، نیکۆ پاز وەک بژاردەیەکی جدی باسی لێوە کراوە. ئەو یاریزانە تەمەن 22 ساڵە لە ئەکادیمیای ڕیال مەدرید تۆپی پێی دەستپێکردووە و ئێستا یاری بۆ یانەی کۆمۆ دەکات، لەم ساڵانەی دواییدا سەرنجی زۆری بۆ خۆی ڕاکێشاوە و بە یەکێک لە بەهرەمەندە گرنگەکانی نەوەی نوێی تۆپی پێی ئەرجەنتین دادەنرێت.
بێگومان ژمارە 10ی ئەرجەنتین پێش مێسیش هی ئەفسانەی وەک دیێگۆ مارادۆنا و خوان ڕۆمان ڕیکێلمی بووە و لەبەر ئەم هۆکارەش هەڵبژاردنی خاوەنە نوێیەکەی تەنها بڕیارێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو قورسایی مێژوویی و ڕەمزی زۆری هەیە. تەنانەت کارلۆس مەک ئەلیستەر پێشنیاری کردبوو کە درێسەکە بۆ ماوەیەک لە نێوان چەند یاریزانێکدا دابەش بکرێت بۆ ئەوەی جێگرەوەی هەمیشەیی بەپەلە هەڵنەبژێردرێت.
هەروەها سکالۆنی بۆ ئێستا هەمان ڕێبازی گرتووەتەبەر و ڕایگەیاندووە، دوای یاریی ماڵئاوایی مێسی، ڕوون دەبێتەوە کێ ژمارە 10 لەبەر دەکات، بۆیە نیکۆ پاز یەکێکە لە بژاردە سەرەکییەکان بۆ ئێستا، بەڵام هێشتا جێنشینی فەرمی مێسی نییە.
No Comment! Be the first one.