چاویارنیوز – سۆزان مەنسور، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەخت لەسەر پێویستیی پەسەندکردنی یاسای تایبەت بە حەشدی شەعبی دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، عێراق نابێت ژێردەستەی بڕیارە سەپێنراوەکانی ئەمریکا بێت.
سۆزان مەنسور لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی «العهد» ئاماژەی بە رۆڵی حەشدی شەعبی لە شەڕی دژی تیرۆردا کرد و رایگەیاند، حەشدی شەعبی نەک تەنها بۆ پێکهاتەی شیعە، بەڵکو بۆ سەرجەم پێکهاتە و ئایینزاکانی عێراق شەڕی کردووە و بەرگریی لە خاک و نیشتمان کردووە. ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە هەر فشار یان بڕیارێکی ئەمریکا کە ئاراستەی عێراق بکرێت، رەتیدەکەنەوە و پێویستە سەروەریی وڵات پارێزراو بێت.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، پەرلەمانتارەکەی پێشووی یەکێتی تیشکی خستە سەر دۆخی ئابووریی عێراق و داوای کرد بە زووترین کات چارەسەری قەیرانی دارایی بکرێت. لەو چوارچێوەیەدا، داوایکرد رێوشوێنی توند بگیرێتە بەر بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان، بەتایبەت کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو پاسەوان و ئۆتۆمبێلانەی کە خزمەتی بەرپرسان دەکەن، کە بەوتەی خۆی، هەندێکجار ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان دەگاتە ٤٠ ئۆتۆمبێل بۆ بەرپرسێک.
هەروەها سۆزان مەنسور داوای کرد پرەنسیپی «ئەم سامانەت لە کوێوە هێناوە؟» بە کردەیی جێبەجێ بکرێت و لەسەر ئەو کەسانە پەیڕەو بکرێت کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وەک بڵۆگەر کار دەکەن، بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەدەستهێنانی سەروەتی نایاسایی.
No Comment! Be the first one.