چاویارنیوز ــــ شوناس و بناغەی مێژووی ژیاری هەر نەتەوەیەک بەس لەسەر نووسین وەستاوە.
ڕێکخراوەی ئاڵا لە شاری سنە ٢١ی ڕەزبەر (١٣ی ئۆکتۆبەر) لە درێژەی کار و چالاکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی خوێدا ئەمجارە لەسەر هەوڵ و ماندووبوونی دکتۆر “نەجمەدین جەباری”، دکتۆرای زمان و وێژەی فارسی و ئەندامی دەستەی زانستی زانکۆ کوردستانی سنە و هەروەها بە ئامادەبوونی زۆربەی لە شاعیران و نووسەرانی خەڵکی ئەم شارە، تیشکیان خستە سەر بەسەرهاتی ڕێنووسی کوردی هەر لە سەرتاوە تا ئێستا.
دکتۆر “نەجمەدین جەباری” بەم شێوەیە وتەکانی دەستپێکرد کرد؛ ئەلف و بێ یان ئەلفبێ لە دوو وشەی ئالفا و بێتا پێک هاتووە، کە هەر دوو وشەکە سومرییە. ئەوان دەیانگوت “ئا” وەکوو “ئاڵفا” بە واتای گامێش، “بێ” وەکوو بێتا بە مانای ماڵ و بەم شێوەیە نموونەیان بۆ ئەهێنایەوە و ئەم یادگارییە لە سومرییەکانەوە بۆ ئێمە مایەوە. نووسین بەگشتی هۆکاری مانەوەی هەموو ژیارێکە و گواستنەوەی ژیار لەسەر نووسین ڕاوەستاوە کەواتە ئەو ژیارانەی کە بە نووسین نەگەیشتوون بەمانای ئەوەیە کە شتێکیان لێ بەجێ نەماوە هەرچەن ئەو ژیارە زۆر دەوڵەمەند بووبێت یان لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بووبێت، کە وابوو هۆکاری مانەوەی کورد و ناساندی ژیاری بە هەموو جیهان، بەس نووسین بە ڕێنووسی ڕەوانی زمانی کوردییە.
“نەجمەدین جەباری” ڕایگەیاند: سێ جۆر ئەلف و بێ بۆ نووسینی کوردی بوونی هەیە کە یەکەمیان ئەلف و بێ “سریلیک”ـە، کە نووسینێکی ڕووسییە، واتا لە چەپەوە بۆ ڕاست ئەنووسڕێ و لە ئەلفبای ڕووسەوە کەڵک وەردەگرێ، بەڵام لە دوای ئەوەی کە جەماهیڕی شەوڕەوی یان وڵاتانی سوڤیەتی جاران هەڵوەشایەوە وردە وردە ئەم جۆرە نووسینەش بۆ کورەکان کاڵ بووەوە.دوودانە نووسینی ترمان هەیە کە یەکێکیان ئارامییە و کوردەکانی ئێران و عێراق(ڕوژهەڵات و باشوور) پێ دەنووسن و ئەویتریان لاتینییە کە کوردەکانی تورکیا و سووریا(باکوور و ڕۆژئاوا) پێ دەنووسن.
دکتۆر “نەجمەدین جەباری” بەم شێوازە ڕوونی کردەوە کە بۆچی بەم ئەلف و بێیە کە ئێستاکە گەلی کورد پێ دەنووسێ دەڵێن “ئارامی”؛ ئارامی گەلێک بوو کە لە مێزۆپۆتامیا دەژیان و هەر لە بناغەوە گەورەترین کارێک کە کردیان ئەوە بوو کە نووسینیان دەستپێکرد، واتا دەچوونە نێو هەموو ژیارەکان و لەسەری دەیاننووسی و نووسینی ئەو مێژوو و ژیارانەیان لە ئەستۆ دەگرت. ئەوان (گەلی ئارامی) لەباری ڕەگەزییەوە لەسەر هێند و ئەورووپایی ئەژمار ناکرێن. ئەو ئەلف وبێیەی کە ئەوان بۆ نووسین بەکاریان دەهێنا لە سەرەتاوە بەس ٢٢ پیت بووە. پاشان عەرەبەکان هاتن و بیریان لەوە کردەوە کە ئەوانیش دەبێ ئەلف و بێ خۆیان دابمەزرێنن و نزیکترین ئەڵفبێ کە دۆزیانەوە هەمان ئەلفبێ ئارامی بوو و هێنایانە خزمەتی خۆیان، بەڵام تێگەیشتین کە ئەم ئەلفبێیە بۆ زۆریک لە وشەکانی ئەوان بەکارنایت کەوابوو ناچاربوون نەشتەرگەری لەسەر ئەنجام بەن و هاتن هەژماری پیتەکانیان گەیاندە ٢٨ پیت، کەواتە ٦ پیتیان پێ زیاد کرد، ئەم کارە هیچ هەڵوێستێکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو بەنیاز بوون ئەو کارە بکەن بۆ ئەوەی بتوانن وشەکانی خۆیانی پێ بنووسن. پاش هاتنی ئیسلام ئەم ئەلف و بێیە بڵاو بووەوە بە هەمو شوێنەکاندا، بە کوردستانیشەوە و چونکە قورئانی پیرۆز بەم ئەلف و بێیە نووسرا، ئەدی وەکوو ئەلف و بێیەکی پیرۆز ناسرا. پاش ماوەیەک فارسەکانیش هەر لەم ئەلف و بێیە کەڵکیان وەرگرت و بیریان لەوە کردەوە کە ئەوانیش با بەرهەمەکانی خۆیان بەم ئەلف و بێیە بنووسن. کەوابوو ئەوانیش هاتن بێ هیچ هەڵوێستێکی سیاسی وەکوو پێویست و گونجاندن، نەشتەرگەریان لەسەر کرد، بەس بۆ ئەو مەبەستەی کە بتوانن وشەکانی خۆیانی پێ بنووسن، کەوابوو هەژماری پیتەکانیان گەیاندە ٣٢ پیت و بۆ نووسینی مێژوو، جوگرافیا، فەلەسەفە، هەسارەناسی و … بەکاریان هینا. ئەمجارە و بۆ جاری سێهەم نۆبەی کورد هات، کوردەکانیش گوتیان ئێمە ئەبێ بنووسین. لێرە دەبێ دان بەو ڕاستییەدا بنێن کە پێش لە چاپدانی ڕۆژنامەی کوردستان کە بنەماڵەی زۆر بەڕێزی “بەدرخان” لە قاهیرە لە چاپیان دا، خوێندەواری لە کوردستان گشتگیر نەبوو و سەوادەکان بەس سەوادێکی قورئانی و حوجرەیی بوو و زۆربەی شاعیرانی کورد پێگەیشتووی حوجرە و خانەقا بوون و هەر لەوێدا فێری خوێندەواری بوون و ناوبەناو شێعری خۆشیان دەنووسی، بەڵام بنەماڵەی بەدرخانەکان لە ئەلفوبێ ئارامی بۆ نووسی هەموو بابەت و بەرهەمەکان بە زمانی کوردی کەڵکیان وەرگرت و هەروەک چۆن کاری عەرەبەکان و فارسەکان سیاسی نەبوو و بەپێی پێویست نەشتەرگەریان لەسەر ئەلفبێ ئارامی ئەنجام دا، کوردیش بە هەمان شێوە ئەو کارەیان ئەنجام دا.
مامۆستا جەباری ئاماژەی دا: چونکە کورد خاوەن زاری زۆرە و بۆ تێگەیشتن و تێگەیاندن و وەک پێداویستی زەمان و بۆ نووسینی وشەکانی، گۆڕانکاری بەسەر ئەلفبێ ئارامیدا هێنا و گواستییەوە بۆ بەرەکانی داهاتوو.
“نەجمەدین جەباری” وێڕای گێڕانەوەی مێژوویەکی کورت لە بنەماڵەی بەدرخانەکان و پیشاندانی ڕۆژنامە کوردستان وەکوو یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ هەموو کوردێک بەڕاسی قەدردانی بنەماڵەی بەدرخان بێ چۆنکە هەموو ژیانی خۆیان بۆ پاراستن و گواستنەوەی زمانی کوردی بۆ بەرەکانی داهاتوو تەرخان کرد و ئەوەی کە ئێستا بەدەستی ئێمە گەیشتووە و دەتوانین شانازی پێوە بکەین بەس لەسەر هەوڵی بێوچانی ئەوان بووە.
دکتۆر “نەجمەدین جەباری” ماموستای بەشی زمان و وێژەی کوردی لە زانکۆ سنە پاش باسکردنی مێژوویەکی تێر و تەسەل لەسەر ڕێنووسی لاتین و هەروەها ئاماژەدان بەو کەسایەتییانەی کە چون لەسەر پەرەپێدان بەم جۆرە ڕێنووسە پێداگر بوون، وتیشێ: ئێستا ئێمە خاوەنی دوو ڕێنووسین ئەگەرچی هەواڵێکی خۆش نییە کە کورد خاوەنی دوو ڕێنووس بێت، بەڵام زۆرێک لە نەتەوەکانی دیکەش هەن کە خاوەنی چەن ڕێنووسن ئەمە نابێ ببێتە مایەی لە خۆ دامان، کەوابوو ئێستا تکایە با ئێمەی کورد فێری هەر دووکی ببین، چۆنکە ئێمە بە ڕێنووسێ لاتین جیهانی دەبین، بە ڕێنووسی ئارامی پەیوەندی دەگرین لە گەڵ پێشینەکانمان، چونکە ڕێنووس بەر بە دابڕانی بەرەکان دەگرێت. کارەسات ئەو کاتەیە کە کورد نەتوانێت یان نەزانێت بە زمانی خۆی بنووسێت و بخوێنێت کە بەداخەوە ملیۆنان کورد بوونی هەیە، کە بە کورد بوونی خۆیانەوە شانازی دەکەن، بەڵام نەتوانن بەم زمانە بنووسن.
مامۆستا “نەجمەدین جەباری” لە کۆتاییدا وتی: زمان وەکوو گرێبەست وایە و بێگومان هەر گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەڵام ئەوە کاری هەر کەسێک نییە کە بۆ خۆی ئەو گۆڕانکارییە جێبەجێ بکات، بەڵکوو بەو کارە لەوانەیە لەتمەش لە زمانەکە بدات، کەوابوو جێبەجێ کردنی ئەو گۆڕانکارییانە بەس کاری ئاکادێمیای فەرهەنگ و زمانی کوردییە کە لە هەولێرە.
ئامادەکردن: کەژاڵ حەمیدی
No Comment! Be the first one.