چاویارنیوز – بەپێی نەریتە سەربازییە جیهانییەکان، دابەشکردنی پۆستەکان لە هەر دامەزراوەیەکی سەربازیدا دەبێت لەسەر بنەمای ئەزموون، لێهاتوویی، بڕوانامەی سەربازی و دڵسۆزی بۆ نیشتمان بێت، نەک لەسەر بنەمای ئینتیمای حیزبی، لایەنگری بۆ بەرپرسان، یان دەستوەردانی بەرپرسانی حیزبی و ئاغا و شێخەکان. هەرچەندە لیژنەی تایبەت بۆ دیاریکردنی پۆستە سەربازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگەدا بوونیان هەیە، بەڵام زۆرجار کارەکانیان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە حیزبییەکاندا قەتیس دەمێنێت و
بڕیارەکانیان دەخرێنە خزمەت ئەجێندایەکی حیزبیی تەسکەوە.
کێشەکە تەنها لە ململانێی نێوان حیزبەکاندا نییە، بەڵکو لەناو خودی حیزبەکانیشدا باڵباڵێن وای کردووە پۆستە سەربازییەکان وەک “دیاری” ببەخشرێنە کەسە نزیکەکان. لە ئەنجامدا، ئەو ئەفسەرە دڵسۆزانەی خاوەن ئەزموون و لێهاتوویین و خاوەنی بڕوانامەی باڵان (ماستەر و دکتۆرا) لە زانستە سەربازییەکاندا، مافەکانیان زەوت دەکرێت و پشتگوێ دەخرێن، بە جۆرێک پۆستە گرنگەکانیان پێ ڕەوا نابینرێت.
بەداخەوە، ئەم شێوازە لە کارکردن وای کردووە وەزارەتی پێشمەرگە لە دامەزراوەیەکی نیشتمانی و نەتەوەییەوە، بگۆڕێت بۆ قەوارەیەک کە زیاتر لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی هەندێک فەرماندەی باڵای سەربازی و بەرپرسی حیزبیدایە لە دەرەوەی وەزارەت. ئێستا پێوەرەکانی وەرگرتنی پۆست لە وەزارەتی پێشمەرگەدا، لە زیرەکی و بڕوانامەی سەربازییەوە گۆڕاون بۆ: ئینتیمای حیزبی، نزیکی لە بەرپرسان، مێوانداری، تەلەفۆنی بەرپرسانی دەرەوەی وەزارەت، و کوڕە شێخ و ئاغاکان.
ئەگەر سەیری ڕابردوو بکەین، لە سەرەتای دامەزراندنی وەزارەتی پێشمەرگەوە لە ساڵی 2010 تا ئێستا، بەهۆی ئەم بڕیارە نادروستانەوە دەیان هەڵەی کوشندەی سەربازی ڕوویانداوە کە بوونەتە هۆی شەهید و برینداربوونی سەدان پێشمەرگە و بەهەدەردانی سەدان ملیۆن دۆلار. لە ڕووی ئیداری و ژێرخانیشەوە شەرمەزارییەکی گەورەیە کە دوای 14 ساڵ، هێشتا نزیکەی 60%ی فەرمانگە و دامەزراوەکانی وەزارەت لە خانووی کرێدان و نەیانتوانیوە باڵەخانەیەکی شایستە بۆ ئەم دامەزراوە گرنگە دروست بکەن.
بۆیە پێویستە لەسەر دڵسۆزانی کوردستان کە فشار بکەن بۆ پێداچوونەوەی ڕیشەیی بە هەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگەدا، تاوەکو لەسەر بنەمایەکی پیشەیی و نیشتمانیی دروست دابڕێژرێتەوە و بە تەواوی لە دەستوەردانی حیزبی، ململانێی باڵەکان و بەرژەوەندییە کەسییەکان دوور بخرێتەوە؛ بەو ئامانجەی ببێتە پارێزەرێکی ڕاستەقینەی سەروەریی خاکی کوردستان.
No Comment! Be the first one.