چاویارنیوز – هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراق بە ناونیشانی “وەزیری نوێی وەزارەتی دارایی عێراق؛ وەک ئەوەی بینیوومە و دەیناسم” سەبارەت بە فالح ساری و ئەو سەنگەرگرتنەی لە هەندێ میدیا لە بەرامبەری دەکرێت، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە؛ لەبری هەڵواسینی ئومێد بەوەی کێ وەزیری داراییە و وەک شەخص چی بۆ هەرێم دەکات، چارەسەر ئەوەیە سیستمی دارایی پڕ لە چەتەیی گەندەڵیی هەرێم چارەسەر بکرێت ئەوسا فالح بێت یان طالح هەرێم لێی بێمنەت دەبێت.
*
لەم نووسینەدا هاتووە: لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە فالح ساری دەناسم، یەکەمجار لە سەردانێکی سەید عەمار حەکیم بەیەکتری ئاشنابووین، دواتر وەک یەکێک لە هەڵۆکانی شیعە لە نێو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەرکەوت و زیاتر ناسیم، لە ٢٠١٨ ەشەوە تا ساڵی ٢٠٢١ پێکەوە لە لیژنەی دارایی بوین.
فالح کەسێکی لە سەرخۆیە بەڵام زۆر رژدە لەسەر هەڵوێست و تێگەیشتنەکانی، لەوانەیە کە ڕای خۆی بە ئاسانی ناگۆڕێت، بەڵام حزبییەکی تەواو پابەندە و لە قسەی سەید عەممار دەرنەدەچوو.
ئەو لە نێو شیعەدا بە دەستپاکی و پاکی ناسراوە، خاکیانە دەژی و هیچ مەلەف و قسەیەکی گەندەڵی لەسەر نییە.
**
بە درێژایی ماوەی مامەڵەم لەگەڵیدا قەت هەستم نەکردووە یان لێی دەرنەکەوتووە بەرامبەر کورد شۆڤێنی بێت یان قسەیەک دژی کورد وەک نەتەوە بکات، بەڵام بەڕوونی زۆر دژی سیاسەتی دارایی و نەوتی هەرێمی کوردستان بووە و نەیشاردۆتەوە.
دەگوترێت لە طیف توندترە، هیچ کات بەراوردی نێوان ئەو دوانە دروست نییە چونکە طیف هەم توند بوو هەم نالۆژیکی و لاواز لەبەردەم هێزەکانی شیعەدا، فالح لۆژیکیترە و لاوازیش نییە بەرامبەر ئەوانیتر، طیف مەرجەعی ڕوونی نەبوو جگە لە سودانی، فالح هەیەتی و وەک وتم سەرکردەیەکی سیاسی و حزبییەکی پابەندە.
***
هێندەی بیرم بێت کەمجار هەبووە لەسەر پینە و پەڕۆکانی نێو لیژنەی دارایی لە یاسای موازەنەدا بۆ چارەسەرەکانی گرفتی مووچە و پشکی هەرێم ڕازی بووبێت بەڵام کە دەبوو بە رێکەوتنی سیاسیی پابەند دەبوو لەکاتێکدا نەشیدەشاردەوە کە لەگەڵیدا نییە و وەک ئیلتیزامێکی سیاسیی و حزبی دەنگ دەدات یان بێدەنگ دەبێت لێی.
****
فالح لە دیوانی چاودێری دارایی بووە پێشتر، لە ساڵی ٢٠١٠ەوە، لە لیژنەی مالیە بووە چوار خول، هەموو سیستمی دارایی عێراقی بە گەندەڵی و وردەکارییەکانەوە لەبەرە، پیاوێکی گیرە لە سەرفکردنی پارەدا بەڵام وەک وتم لەنێو سیستمێکی پڕ لە گەندەڵییدا پێم وانییە ئەویش وەک زۆرێک لە وەزیرەکانی پێشووی دارایی هیچی پێ بکرێت.
*****
لە ئێستاوە سەنگەرگرتن لە فالح و بە دوژمنکردنی کارێکی هەڵەیە، لەبری هەڵواسینی ئومێد بەوەی کێ وەزیری داراییە و وەک شەخص چی بۆ هەرێم دەکات، چارەسەر ئەوەیە سیستمی دارایی پڕ لە چەتەیی گەندەڵیی هەرێم چارەسەر بکرێت ئەوسا فالح بێت یان طالح هەرێم لێی بێمنەت دەبێت.
No Comment! Be the first one.