چاوویارنیوز – هەرێمی کوردستان لە قۆناغی ئێستادا ڕووبەڕووی داڕزانێکی ڕێکخراو و فرەڕەهەند بووەتەوە. ئەم قەیرانە تەنها داڕمانی کارگێڕی نییە، بەڵکو گەیشتووەتە ئاستی دادڕانی پێکهاتەی سیاسی و ئابووری، بە جۆرێک کە چاکسازیی لەسەر ناوەکی و کارپێکردنی ڕێگەچارە تەقلیدییەکان توانای دەربازکردنی هەیکەلی حوکمرانییان لەم دۆخە نەماوە.
سەرهەڵدانی دوو ئیدارەیی شاراوە و قووڵبوونی دەسەڵاتی کۆمپانیا حزبییەکان، جەستەی سیاسیی هەرێمیان بەرامبەر گۆڕانکارییە ناوچەیییەکان شەکەت کردووە. لە کاتێکدا عێراق لە ڕێگەی نزیکبوونەوەی لە جەمسەربەندییە هەرێمییەکانی وەک ئێران و تورکیا—بە سەپاندنی هاوکێشەی نوێ و وەرگرتنی چراسەوزی زلهێزە جیهانییەکان—پێگەی خۆی دەپەڕێنێتەوە، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی ژێرخانی جیوپۆلەتیکی و سەربازیی یەکگرتوو، لەسەر پردێکی باریکی ململانێکاندا دەگوزەرێنێت.
ئەم داڕزانە کارگێڕییە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر شێوازی شار و کۆمەڵگە داناوە؛ هێڵی جیاکەرەوەی چینایەتی شاری بۆ دوو بەرەی دژبەر دابەش کردووە: شاری سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانی بەرهەمهێنەری گەندەڵی، لە بەرامبەر شاری زۆرینەی بێدەرامەت و تاقەتپڕووکاو.
لە ناو ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، تەنها بەکارهێنانی دوو ئامرازی جیاواز بەڵام تەواوکار دەتوانێت هاوسەنگی بگەڕێنێتەوە:
ئاراستەی یاسایی و فیدراڵی (گورزی بەغدا): کارکردنی دادوەرانە لە ناوەند لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی دەستووری، دادگای فیدراڵی و یاساکانەوە؛ بۆ سنووردارکردنی هەژموونی گەندەڵی و پاراستنی مافە دارایی و شایستە دەستوورییەکانی خەڵک.
ئاراستەی ڕای گشتی و ناوخۆیی (زولفقاری هەرێم): بەکارخستنی ڕوونگەرایی، دروستکردنی گوشاری بەردەوامی جەماوەری و بەکارهێنانی هۆشیاریی گشتی وەک شمشێرێک لە بەرامبەر قۆرخکاریی حزبی.
یەکگرتنی ئەم دوو ئاراستەیە تاپۆی ئومێدی خەڵکە، بەڵام تاقیکردنەوە مێژووییەکە لە بەردەوامیی ئەم هەڵوێستەدایە. جەماوەر بەهۆی ئەزموونی ڕابردوو و شکستی کۆمەڵێک گوتاری ساختەی دوای قۆناغەکانی پێشوو، بە گومانەوە لە دروشمەکان دەڕوانێت ، دوای نەوشیروان مستەفا جارێکی تر ئومێدێکی هیوابەخش بە هەمان گوتارەوە دروست بوەتەوە ، هیوادارین هەڵوێست تا سەر هەڵوێستی هەبێت.
گەر ئەم ئەلتەرناتیڤە نوێیە نەتوانێت چاکسازیی ڕیشەیی بەسەر بنەماکانی دەسەڵاتدا بسەپێنێت و سنوورێک بۆ گەندەڵی بەرفراوان دانەنێت، ئەوا دەرئەنجامەکە تەنها لاوازبوونی حوکمرانی نابێت، بەڵکو چوونە ناو قۆناغێکی نوێی ئاشبەتاڵی سیاسی و داڕمانی تێکڕای کیانی هەرێم دەبێت.
بەختیار نامیق
زولفقارەکەی عەلی حەمەساڵح و گورزەکەی د. غالب ، جوگرافیای دادڕانی سیاسی و تاقیکردنەوەی ئۆپۆزسیۆن
کارکردنی دادوەرانە لە ناوەند لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی دەستووری، دادگای فیدراڵی و یاساکانەوە؛ بۆ سنووردارکردنی هەژموونی گەندەڵی و پاراستنی مافە دارایی و شایستە دەستوورییەکانی خەڵک.
No Comment! Be the first one.