چاویارنیوز – ئەوەی ئەم حكومەت و حوكمڕانییە بە خەڵكی كوردستانی دەكات،لە مێژووی كوردستان و هیچ میللەتێك نەبووە شەش دەری لەم میللەتە گرتووەو خەڵكیش هەر خەریكی هات و نەهاتن!
بە پێی زانیاریی نوێ و مەنتقی حوكمڕانی لە هەرێم،ئەم ساڵیش موچەی مانگێكی فەرمانبەرانی نادرێت، دەبێ دوعا بكرێت نەبێتە دووان،ئەوەی بینیومانە،زیاتر لە 12 ساڵە تاڵاو دەخەنە هەناوی ئەم خەڵكە، لێناگەڕێن دەروونیان تەنها بۆ یەك مانگ ساكین ببێت،بە هەموو شێوەیەك گەمارۆی ژیانیان داوە و دەستیان خستۆتە سەر خنخنۆكەی خەڵك!لە هەموو لایەك دەكێشنەوە و بوونەتە شەریكی گیرفانی هاوڵاتیان.
ئەگەر دەڵێن داهاتی مانگانە كەمی كردووە راست دەكەن، چونكە داهاتی خزمەتگوزاریی زۆربەی جومگەكانی حوكمڕانیان رادەستی كۆمپانیاكان كردووە و حكومەت ئەرزشی نەماوە، مەگەر كۆمپانیاكان لەو پارەیەی دەستیان دەكەوێت شاگردانەیەك بدەنە حكومەت! بێگومان ئەو پارەیەش بەشی هیچ ناكات،خەڵك نازانێت چ رێژەیەكی داهات دراوەتە كۆمپانیاكان! خەڵك نازانێت كۆمپانیاكان چ پارەیەك بەناوی حكومەت لە هاوڵاتیان دەكێشنەوە كۆمپانیاكانیش مەپرسن هی كێیە، با وەزیرو كار بە دەستانی حكومەت وڵامی بدەنەوە،ئینجا هەر لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە بگرە تا دەگاتە ناوخۆ/ وەزارەتی داد، تەندروستیی،ئاو و كارەبا و گواستنەوەو شارەوانییەكان و..تد.
حكومەت ماوەی بەسەرچووەو هیچ پێناسێكی نییە. پەرلەمان داخراوە هیچ بەهایەكی نەماوە، هەرچی دامەزراوەی چاودێرییە پەكی كەتووە لە هەمووی خراپتر، ماوەی زیاتر لە مانگێكە دادگای تەمیزیش پەكیكەوتووە كە بڕبڕەی ئیشوكارەكانی دامەزراوەی دادوەرییە لەكوردستان.
ئەمەش دوا بزمارە لە تابوتەكەی بدەن پەك كەوتنی دامەزراوەی دادوەریی،ئاماژەیەكی ئێجگار مەترسیدارە،نیشانەی لێك هەڵوەشانەوەی دامەزراوەكانی حوكمڕانیی و سەقامگیریی ژیانی هاوڵاتیانە لەكوردستان بەپەك كەوتنی دامەزراوەی دادوەریی،بازنەی پەك كەوتن و كۆتایی هاتنی دەسەڵاتەكانی ئەم قەوارەیە تەواو دەبێت،ئاماژەیەكی زۆر مەترسیدارە بۆ مانەوەی هەرێم بە یەك پارچەیی و یەكگرتویی وەك قەوارەیەكی دەستوریی لە عیراق،سەرباری ئەم دۆخە خراپەی حوكمڕانیی و ژیانی خەڵك، دەسەڵاتداران چەندین ماكینەی ئیعلامیی گەورەیان داناوە،بۆ جوان كردنی ئەم حوكمڕانییە،بە مەشەوە ناوەستن بەڵكو دەیانەوێ ئەم تاڵاوە بە شیرینیی و شەكراو بە خەڵكی بفرۆشنەوە.
No Comment! Be the first one.