چاویارنیوز – سەد مخابن، ئەو نەوتەی دەبوو ببێتە سەرچاوەی هێزو ژیاندنی هەرێم و دابین كردنی موچەو بژێوی خەڵك، ئێستا كۆمپانیاكان داهاتەكەی دەبەن، سەرباری رادەست كردنی نەوتیش، كەچی بەغدا هێشتا موچەكە بەسەرگرانییەوە دەنێرێت.
🔹 هەرێم، حكومڕانیەكەی وێرانكراوە، ناوچە دابڕاوەكانیان لەدەستداوە، نەوت و گازەكەشی چوو
🔹 دانا گاز بێ گەڕانەوە بۆ هەرێم، گازی فرۆشتە بەغدا، پێمان بڵێین ئێوە چیتانكرد؟
🔹 لەباتی خەڵكی ناوچە دابڕاوەكان خۆزگە بەهەرێم بخوازن، ئێمە خۆزگە بەژیانی ئەوان دەخوازین
🔹 وڵاتێك خاوەنی سامانی سەرزەوی و ژێرزەویەكەی نەبێت، تازە سەربەخۆیی بۆچییە؟
✍️ سەرتیپ جەوهەر
🔶دوای 35 ساڵ، ببینن هەرێمی كوردستان پەرلەمانی نییە، حكومەتی ماوە بەسەرچووە، هێزێكی پێشمەرگەی یەكگرتووی نییە، دامەزراوەكانی ماوەیان بەسەرچووەو هیچ پێناس و ناونیشانێكی نییە.
🔷ناوچە دابڕاوەكانی لەدەستداوە و خەڵكی ئەو ناوچانە كە قوربانییەكی ئێجگار زۆریان لەپێناو نیشتیمان داوە، نەك خۆزگە ناخوازن بگەڕێنەوە، بگرە شوكرانە دەكەن لەژێر حوكمڕانی هەرێم نین! چونكە ئێستا ئەوانیش لەكولەمەرگی دابوون! لەباتی ئەوان خۆزگە بەژیانی هەرێم بخوازن، ئێستا خەڵكی هەرێم خۆزگە بەژیان لە ناوچە دابڕێنراوەكان دەخوازن. چونكە دەبێت لیتری بەنزین بە دوو هەزار بكڕن، نەوت بە 250 هەزار بكڕن، غاز بە20 هەزار بكڕن، كارەباو ئاو گران بكڕن، بچنە هەر فەرمانگەیەكی حكومەت لەدەرەوەی یاسا كۆشێك پارە بدەنە حكومەت..تد.
🔶لە هەمووی خراپتر، ئەم هەرێمە، كە رۆژانێك بوو حوكمڕانانی بەنەوت و گازەكەی دەیانخوڕی، ئێستا ئەویشی وەك پێویست لەدەستنەماوە. واتە نەوت و گازەكەی دراوە بەكۆمپانیاكان و ئێستا لەئیرادەی حكومەتی هەرێمدا نەماوە. ئەمڕۆ دانە گاز بەرەسمیی و بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی هەرێم دەستیكرد بەفرۆشتنی گاز بە حكومەتی عیراق. وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش بەیان نامەیەكی شەرمنانەو شەرمەزارانەی دەركردووە، بێ ئیرادەیی خۆی بەیان دەكات و تەنها گلەیی دەكات بێ ئەوەی هیچی پێبكرێت. ئێستا لەباتی حكومەتی هەرێم كۆمپانیاكان گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكەن.
🔷سەد مخابن، ئەو نەوتەی دەبوو ببێتە سەرچاوەی هێزو ژیاندنی هەرێم و دابین كردنی موچەو بژێوی خەڵك، ئێستا كۆمپانیاكان داهاتەكەی دەبەن، سەرباری رادەست كردنی نەوتیش، كەچی بەغدا هێشتا موچەكە بەسەرگرانییەوە دەنێرێت. ئەمە لەكاتێكدا نەوت و گاز سامانێكی ستراتیژیی نەوەكانی داهاتووی كوردستانە، كەچی حوكمڕانان كردیانە قوربانیی كۆشك و تەلارو مانەوەی خۆیان، هەڕاج و شاباشیان كرد. لەباتی ئەم قەوارەیە بەهێز بكات، نەوتەكەیان كردە تەوقێك، هەرێم و خەڵكی كوردستانیان پێ كردە دیلی كۆمپانیاكان! وڵاتێكیش سەرخان و ژێرخانی وێران بێت و خاوەنی سامانی سەرزەوی و ژێرزەویەكەی نەبێت، تازە سەربەخۆییەكەی بۆچییە؟
🔶بە پێی ئەو دیمەنەی ئێستا دەیبینین، ئەم هەرێمەی ئێمە كە خەونمان بەئایندەكەیەوە دەبینی، لەباتی سەربەخۆبوون و گەیشتن بەكەناری ئارام و ئاوەدانیی، كەچی نەك ئێستای بەڵكو ئایندەشی تاریك و وێرانكراوە. حوكمڕان و شۆڕشگێڕەكانی دوێنێی سەرزەوی و ژێر زەویان لێ هەڕاجكردووین، لەباتی ئاوەدانیی، هاتوینەتە سەر ساجی عەلی.
No Comment! Be the first one.