دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا دۆنالد ترامپ ئاماژەی بەوە کرد کە چەکێیان بۆ کوردەکان ناردبوو ون بووە، هیچ ناوی لایەنێکی کوردی نەهێنا، بەڵام بە شێوەیەکی خێرا میدیای پارتی دیموکرات دەستی کرد بە تۆمەتبارکردنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەک؛ ئەوەی لەپێش هەر لێکۆڵینەوەیەک بڕیار درابێت کێ تاوانبارە.
ئەگەر چەکێک ون ببێت، یەکەم پرسیار دەبێت ئاراستەی هەولێر و حکومەت بکرێت، نەک سلێمانی، چونکە بنکەکانی ئەمریکا لە هەولێرن، سەرۆکی حکومەت پارتییە و هەموو سیستەمی ئەمنی و سەربازی لە ژێر دەستی هەولێردایە، بۆیە هەوڵدانی پارتی بۆ گواستنەوەی تاوان بۆ لایەنێکی تر، زیاتر لەوەی وەڵام بێت و هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی شکستی خۆی.
حکومەتی مسرور بارزانی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو دا لە زۆر بواردا شکستی هێناوە بۆ نموونە؛- لە مووچە، لە خزمەتگوزاری، لە ئازادی میدیا و ئێستاش لە بابەتی ئاسایش و متمانەی نێودەوڵەتی، کاتێک حکومەت ناتوانێت وەڵامی ڕوون بداتەوە، ناچار دەبێت پەنا بۆ تۆمەت و هەڵمەتی میدیایی ببات.
ئەوەی زیاتر جێی مەترسییە، ئەوەیە کە هەندێک لە پەیامنێر و کەناڵە نزیکەکانی پارتی لە دەرەوەی وڵات، بە تایبەت لە ئەمریکا، بەبێ هیچ بەڵگە و لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی، دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی ئەو تۆمەتانە، ئەمە تەنها شەڕێکی میدیایی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و بەلاڕێدابردنی پرسیارە سەرەکییەکان، چونکە ئەگەر ئەمریکا بڵێت چەک ون بووە، بە دڵنیاییەوە زانیاریی وردی لەسەر شوێن و ئاراستەی چەکەکان هەیە. وڵاتێکی وەک ئەمریکا، بەو هەموو سیستەمە ئەمنی و هەواڵگرییە گەورەیەوە، ناکرێت نەزانێت چەکەکانی لە کوێ ون بوون.
پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە:- بۆچی پارتی پەلەی کرد بۆ تۆمەتبارکردنی یەکێتی؟ ئایا مەبەست لێی شاردنەوەی لاوازییەکانی خۆیەتی؟ یان هەوڵدانە بۆ دروستکردنی دوژمنێکی ناوخۆیی بۆ هەڵخەڵەتاندنی ڕای گشتی؟ لە کاتێکدا هاووڵاتیی کورد چاوەڕێی وەڵامی ڕوون و بەرپرسانەن، کەچی هێشتا میدیای دەسەڵات بە زمانی تۆمەت و دابەشکاری قسە دەکات، ئەوەش ڕاستییەکی تاڵ دەردەخات، کێشەکە تەنها ونبوونی چەک نییە، بەڵکو قەیرانی متمانە و حکومڕانییە.
کێشەکە ئەوە نییە چەکەکان لە کوێن؛ کێشەکە ئەوەیە حکومەتێک هەیە کە لەبەرامبەر هەر قەیرانێک، لە جێگای وڵامێکی روو و هەستکردن بە بەرپرسیاری دێت و تۆمەت هەڵدەبژێرێت.
بەدران محێدین
No Comment! Be the first one.