چاویارنیوز – نیاز عەبدوڵڵا لە نووسینێکدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە: بکووژەکانی سەردەشت عوسمان لە سایەی ئازادییاندا، لە پۆستێکەوە بۆ پۆستێکی دیکە دەسەڵاتیان فراوانتر بووە.
١٦ ساڵ سەردەشت عوسمان
ئێمە ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی رۆژی ئازادی رۆژنامەگەری و یادی ١٦ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دەکەینەوە، کە دوو هاوڕێی رۆژنامەنووسمان (شێروان شێروانی و قارەمان شوکری زەینەدین) لەناو زیندانەکانی هەولێر و بادیناندا رۆژانێکی سەخت و بە ئازار بەڕێ دەکەن و لەبەردەم چارەنووسێکی نادیار دان، دەسەڵاتیش هیچ نیاز پاکییەک پیشان نادات بۆ ئازاد کردنیان و دەست بەردار بوون لە تۆڵە کردنەوە لێیان.
بکووژەکانی سەردەشت عوسمان لە سایەی ئازادییاندا، لە پۆستێکەوە بۆ پۆستێکی دیکە دەسەڵاتیان فراوانتر بووە، لە رێگای سەرچاوە دارییە گەندەڵەکانیانەوە؛ ژمارەی پاسەوان، سەرباز، دەزگای رۆژنامەوانی، ڤێللا و زیندانە نهێنییەکانیان زیاتر کردووە.
ئەو نادادپەروەری و جیاوازییە چینایەتییەی سەردەشت لە وتارەکانیدا باسی دەکرد و دەسەڵات بەرگەی وتنیانی نەگرت، دوای تێپەڕبوونی ١٦ ساڵ رەگ و ریشەیان لە هەموو ئاستەکاندا قووڵتر بووە.
خۆ «ئەگەر سەردەشت زاوای بارزانی بووایە» و لە ژیاندا بمابووایە، ئێستا لە پاڵ (مەنسوور بارزانی) کۆشک و ئەسپی عەرەبی و مەلەوانگە و مۆڵی لە ئەمریکا دەبوو، لەگەڵ کوڕانی بارزانی کۆشک و یاریگا و باڵەخانە هەوربڕەکانی لە تەنیشت موڵکی میر و پادشاکانی خەلیج دەبوو. ئەو کاتیش هەر قیروسیا لە منداڵی گەڕەکەکانی باداوە و ئازادی و کووران، گرنگ ئەویش وەک نەوەی نەوەکانی بارزانی و زاواکانیان، هەر رۆژە و لە پایتەختێک دەبوو و لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانیان ستایش دەکرا.
سەردەشت کە بەخوێنی خۆی مانیفیستۆی دادپەروەری نووسییەوە، ئێستاش لە بیر و دڵی ئێمەدا ئەو کوڕە جووتیارە تێکۆشەر و ئازایەیە، نووسین و پەیامەکانی هەموو رۆژێک لەبەرامبەر ئەو ستەمکاری و نادادپەروەییەدا لەدایک دەبێتەوە.
ئەو باش دەیزانی نادادپەروەری کراوەتە یاسا و ستەم بووە بە سیستەم، بۆیە «دادپەروەری و نەهێشتنی چینایەتی» بۆ رازاندنەوەی وتارەکانی نەبوو، بەڵکو دژ بەوە بوو مرۆڤ ببێت بە قووربانی بەرژەوەندی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان و بچەوسێندرێتەوە، زۆرینەیەک هەژار و کەمینەیەک بەدەوڵەمەندی بژین.
دژی هەموو بتەکانی ناو دەسەڵات بوو، هەر لەبەر ئەوەش بوو لە نووسینەکانیدا ئەو پیرۆزییە دروست کراوەی بتە سیاسییەکانی وردوخاش دەکرد.
سەردەشت باش ئەو دەسەڵاتەی دەناسی کە پایەکانی خۆی لەسەر ترس و نایەکسانی بەهێز کردبوو، لەبەر ئەوەش بوو لەپێناو وتنی راستییەکی مێژووییدا، بەهێزتر و بەرزتر لە هەڕەشە و مەترسییەکان راوەستا و نرخی دا بەو ئازادی و دادپەروەییەی بڕوای پێی بوو.
لەبەر ئەو بنەمایانەیە سەردەشت دوای تێپەڕبوونی ١٦ ساڵ تەنیا گڵکۆیەک نییە لە گردعازەبان، بەڵکو سیمبوولێکە وەکو خۆر رووناکە بەڕووی تاریکی و نادادپەروەریدا.
ساڵەکان چەند تێپەڕ بن و دەسەڵاتی بکووژان و تاوانبارانیش چەند باڵادەستتر بن، ئێمەین لەگەڵ پەیامەکانی سەردەشتدا قایمتر لە شوێن خۆمان وەستاوین و دەوستین، لەسەر داواکارییە رەواکانی خۆمان ماوین و تا رۆژانی گۆڕانکاری لە سیستەم و دادگایی کردنی ستەمکاران و کەوتنتان ناوەستین.
No Comment! Be the first one.