چاویارنیوز – کاتێک گەورەترین دەسەڵاتداری جیهان، بەو شێوەیە باس لە میللەتێک دەکات کە ساڵانێکە خۆی بە هاوپەیمانی ستراتیژی دەزانێت، دەبێت بزانین کە کار لە “کار ترازاوە”.
قسەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد تڕەمپ تەنها گوزارشت نین لە ڕای کەسێکی سیاسی، بەڵکو پەردە لادانن لەسەر ڕاستییەکی تاڵ کە کۆمەڵێک بازرگانی سیاسی دۆڕاوی ئێکسپایەری بەرژەوەندیخواز بەسەر ئەم میللەتەیاندا هێناوە
هەرئێستە ترەمپ بەڕاشکاوی وتی :
کورد تەنها دەڵێت بێنە! ئەوان چەکەکانیان دزین و منیان نائومێد کرد من هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوە نەبووم چەکیان بدەینێ .
ئەم گوتانە زەنگێکی مەترسیدارن کاتێک کارەکتەرێکی وەک تڕەمپ، کورد وەک لایەنێک دەبینێت کە تەنها “داواکاری پارەیە” و تەنانەت دەست بۆ “دزینی چەک” دەبات.
ئەمە سوکایەتییەکی گەورەیە بە مێژووی خەبات و قوربانییەکانی نەتەوەیەک. بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدایە: کێ وای کرد سوومعەی کورد بەم ئاستە بگات؟
ئەوانەی کە لە ناوخۆدا خەریکی تاڵانکردنی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەن، تەنها گیرفانی خۆیان پڕ نەکرد، بەڵکو شکۆی نەتەوەیەکیان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا وردوخاش کرد. کاتێک سیاسەتی کوردی لە “دۆزی ڕەوا”وە دەگۆڕدرێت بۆ “بزنس و بازرگانی چەک و نەوت”،
ئەنجامەکەی ئەوە دەبێت کە دۆستەکانیشیان لە واشنتۆن و پایتەختەکانی تری جیهانەوە بە چاوی “دز و مشەخۆر” سەیریان بکەن.
ئەم قسانەی تڕەمپ برینێکی قووڵە. نائومێدکردنی هاوپەیمانەکان و تێوەگلان لە دۆسیەی گوماناوی، کوردستانی لە “پێگەی قوربانی و خەباتگێڕ”ەوە گواستەوە بۆ “پێگەی تاوانبار” ئەوەی تڕەمپ وتی، تەنها شکاندنی کەسایەتی سیاسییەکان نییە، بەڵکو بێسوومعەکردنی نەتەوەیەک بوو کە باجەکەی نەوەکانی داهاتوو دەیدەن.
کاتێک سەرکردایەتی سیاسی نەتوانێت متمانەی نێودەوڵەتی بپارێزێت و تێوەگلانیان لە دزی و گەندەڵی بگاتە ئاستێک کە لە کۆشکی سپییەوە باس بکرێت، ئیدی هیچ پاساوێک بۆ مانەوەیان نامێنێت.
ئێمە تەنها خاکمان نەدۆڕاند، بەڵکو خەریکە “ناو و ناسنامە”شمان لەپێناو پاره و چەکی دزراودا دەدۆڕێنین.
بەڵام دڵنیابن کە تڕەمپ، مامۆستایان و فەرمانبەران نییەو پێویستە ئەو تاقمە بازرگانەی کە بە ناوی سیاسەتەوە دەستیان خستووەتە بینەقاقای ئەم میللەتە، باش بزانن: تڕەمپ نە مامۆستایەکی دڵسۆزە و نە فەرمانبەرێکی بێدەنگ!
ئەگەر فەرمانبەران و مامۆستایانی ئەم نیشتمانە لە ئاست دزینی مووچە و قوتی منداڵەکانیاندا دانبەخۆداگرتنیان هەڵبژاردبێت و لەژێر هەڕەشەو کوشتن و بڕیندا دەنگی ڕەوایانتان کپکردبێت ئەوا تڕەمپ و ئەوانەی وەک ئەو بیردەکەنەوە، بیرۆکەیەکی تریان هەیە لەگەڵ “دزەکان”.
تڕەمپ ئەو کەسە نییە کاتێک چەکی لێ دەدزرێت یان قوتی پێ سپێردراو تالان دەکەن، بێدەنگ بێت؛ ئەو لە چاوتان دەری دێنێت و لە ناوەندە جیهانییەکاندا پەردە لەسەر ڕووە قێزەونەکەتان لادەبات
ئەوانەی وایانزانی وەک چۆن یاری بە چارەنووسی هەزاران خێزانی ئەم وڵاتە دەکەن، دەتوانن بە هەمان عەقڵیەتی “تاڵانی” یاری لەگەڵ هێزە جیهانییەکانیش بکەن، ئێستا باجەکەی دەدەن.
سوکایەتیکردن بە ناوی کورد لەسەر زاری سەرۆکێکی وەک تڕەمپ، تەنها سەرەتایەکە؛ چونکە کاتێک “دزی و بێوەفایی” دەبێتە ناسنامەی دەسەڵاتێک، ئیدی کەس وەک هاوبەش سەیریان ناکات، بەڵکو وەک “باندێکی مافیایی” مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت کە شایستەی توندترین سزان و لەئایندەی زۆرنزیک بەپشت بەستن بەسکاڵاکانی ڕابردومان لە واشنتۆن سزاکان جێبەجێدەکرێن و گەندەڵکاران بەسزای گەل دەگەن و دەچنە زبڵدانی مێژوو.
No Comment! Be the first one.