چاویار نیوز – لەکۆبونەوەیەکدا لەبەغدا، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراقو ئەنیڵ بۆرا ئینان باڵیۆزی نوێی تورکیا، پرسی دروست کردن و کاراکردنی بۆرییەکی نوێی گواستنەوەی نەوتیان لە کەرکوکەوە بۆ تورکیا تاووتوێ کرد،چاودێران دهڵێن ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێکی جدی دەبینرێت بۆ گەرەنتی کردنی هەناردەی نەوتو پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات لەکەرتی وزەدا،ئهوهش ناشارنهوه، “ئەم هەوڵە نوێیەی بەغدا و ئەنكەرە بۆ دروست کردنی بۆرییەکی سەربەخۆ لەکەرکوکەوە بۆ بەندەری جەیهان،وەک بەشێک لەستراتیژییەکی فرەوڵاتیی عێراق دەبینرێت بۆ کۆتایی هێنان بەپێگەی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەی وزەو بازرگانیدا”.
به بۆچونى چاودێران، “ئەم جوڵەیە تەواکەری ئەو هەوڵانەی پێشوی بەغدایە بۆ پەکخستنی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل کە لەڕێگەی کاراکردنی ڕێڕەوی ترانزێتی سوریاوە دەیەوێت بەدیلێکی بازرگانیی سەربەخۆ بۆ هەرێم بدۆزێتەوە،بەمەش بەغدا دەیەوێت نەخشەی ئابوریی ناوچەکە بەجۆرێک دابڕێژێتەوە کە کەرکوکو ناوچەکانی دیكهى عێراق ڕاستەوخۆ بەتورکیاوە ببەستێتەوەو هەرێمی کوردستان لەچەقی هەناردەی نەوتو ترانزێتی کاڵاکانەوە، بگۆڕێت بۆ ناوچەیەکی پەراوێز خراو و بێ داهات”.
به گوێرهى زانیاریى میدیاى عێراقى،ههر لهو كۆبوونهوهیهى وهزیرى دهرهوهى عێراق باڵیۆزه نوێیهكهى توركیا لهبهغدا،پرسى ئاو-یش باس کراوه وهكو دۆسیهیهكى ههستیار و وە هەر دوولا جەختیان لە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتن نامەکانی تایبەت بەڕوباری دیجلە و فوڕات کردوهتهوه و عێراقیش بەفەرمی ستایشی هەڵوێستی توركیاى کردوه بۆ زیاد کردنی بڕی ئاوی بەردراوە بۆ ناو خاکی عێراق لەماوەی ڕابردودا.
جگە لەوزە و ئاو،باسی پڕۆژەی ڕێگهی گەشەپێدان کرا وەک هێڵێکی ستراتیژیی بۆ بەستنەوەی ئابوریی ناوچەکە،هەر دوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی کۆبونەوەی خولیی لیژنە هاوبەشەکان بۆ خێراکردنی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییو ئاسانکاریی گومرگی،به بڕواى چاودێران ئەم جوڵە دیپلۆماسییە، ئاماژەیەکی ڕونە کە عێراق دەیەوێت لەڕێگەی تورکیاوە پێگەی خۆی وەک هەناردەکارێکی سەرەکیی وزە جێگیر بکات، هاوکات دۆسیەی ئاویش بەرەو چارەسەرییەکی بنەڕەتی ببات.
No Comment! Be the first one.