دیسکی مل کاتێک ڕوودەدات کە یەکێک لە دیسکەکانی نێوان بڕبڕەکانی مل بەر زیان کەوێت یان دەربکەوێت و لە هەندێک حاڵەتدا فشار بخاتە سەر ڕەگی دەمارەکە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، کێشەی دیسکی مل هەمیشە تەنها لەگەڵ ئازاری خودی ملدا نابینرێت و ئازار، سڕبوون، یان زەقبوونەوە لەوانەیە تا شان و باڵ و دەست بەردەوام بێت.
توندی نیشانەکان لە کەسە جیاوڵزەکاندا وەکوو یەک وا نییە و هەندێک کەس تەنها ئازاری مل و ڕەقبوونیان هەیە، هەندێکی تر تووشی لاوازی دەست یان ئازاری بروسکەکردن دەبن. خاڵە گرنگەکە ئەوەیە کە بوونی دیسک لەسەر وێنەگرتن بە تەنیا، بە مانای پێویست بە نەشتەرگەری نییە و زۆرێک لە حاڵەتەکان لە ڕێگەی نا نەشتەرگەرییەوە کۆنترۆڵ دەکرێن.
نیشانەکانی دیسکی مل
ئازار یەکێکە لە نیشانە گرنگەکانی دیسکی مل، بەڵام جۆر و شوێنی ئازارەکە دەتوانێت خاڵێکی گرنگتر بێت لە خودی ئازاری مل. ئەگەر دیسکەکە فشار بخاتە سەر ڕەگی دەمارێک لە ملدا، لەوانەیە ئازارەکە لە ملەوە دەست پێبکات و بگاتە شان و باڵ و دەست. لە هەندێک کەسدا حاڵەتی برووسکەکردن یان مرووژانەی هەیە و لەوانەیە لەگەڵ کۆکە، پژمین، یان هەندێک جوڵەی ملدا، خراپتر بێت. نیشانەکانی تر کە لەوانەیە لەگەڵ دیسکی ملدا ببینرێت، بریتین لە:
- ئازار و ڕەقبوونی مل
- ئازاری شان و باڵ
- زەقبوونەوە یان مرووژانە لە دەست و پەنجەکاندا
- سڕبوونی بەشێک لە دەست
- هەست بە لاوازی لە دەست یان باڵدا
- کمبوونەوەی هێزی گرتن یان داکەوتنی شتەکان لە دەستەوە
شوێنی بێهێزی یان زەقبوونەوە و هەروەها ئەو پەنجانەی کە زۆرتر کێشەیان هەیە، دەتوانێت پەیوەندی بەو دەمارێکەوە هەبێت کە زۆرتر گوشاری لەسەرە. کەواتە تەنها وتنی “ملم ئازاری هەیە” بەس نییە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و بەزۆری پزیشکەکە هێزی ماسولکەکان و ڕەفڵەکسەکانیش دەپشکنێت.
بێگومان هەموو ئازارێکی مل بە مانای دیسکی مل نییە. هەروەها گرژبوونی ماسولکەکان و گۆڕانکارییەکانی تێکچوون لە بڕبڕەکاندا و کێشەی دیکەش دەتوانن نیشانە هاوشێوەکانی لێبکەوێتەوە.
ئەگەر لاوازی دەست یان قاچەکان زیاتر بووەوە، سڕبوونی توند پێک بێت، یان کێشەی ڕۆیشتن و ئەنجامدانی ڕۆتینی ڕۆژانەت هەبوو، ئەمانە نیشانە مەترسیدارەکانن کە نابێت پشتگوێی بخەیت.
جۆرەکانی شێوازی چارەسەرکردنی دیسکی مل
چارەسەری دیسکی مل بۆ هەموو کەسێک وەکوو یەک نییە. هەڵبژاردنی شێوازی دروست بەندە بە توندی ئازارەکە و هەبوون یان نەبوونی نیشانەکانی دەماری و بڕی فشار لەسەر دەمارەکە و ماوەی نیشانەکان.
لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پزیشکان سەرەتا چارەسەری بێ نەشتەرگەری بۆ دیسکی مل تاقی دەکەنەوە. چونکە زۆرێک لە نەخۆشەکان بە چارەسەری خۆپاراستن باشتر دەبن و پێویستیان بە نەشتەرگەری نییە.
وەرزش و ڕاهێنانی تایبەت بۆ دیسکی مل
وەرزشکردن یارمەتیدەرێکی زۆرە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری مل و ڕەقبوونی مل و بەهێزکردنی ماسولکەکانی دەوروبەری مل و شانەکان. ڕاهێنانە سادەکانی وەکو جۆڵەی چەناگە بە نەرمی بەرەو ناوەوە و ڕاکێشانی مل بە نەرمی و بەهێزکردنی ماسولکەکانی شان و باڵ کە بە شێوەیەکی باو لە بەرنامەکانی چارەسەری فیزیۆتراپیدا بەکاردەهێنرێن.

زۆر گرنگە جوڵەکان بە هێواشی ئەنجام بدرێت و مل بە هێزەوە یان جوڵەی کتوپڕ نەسووڕێتەوە. ئەگەر وەرزشێک بووە هۆی زیادبوونی ئازار، زەقبوونەوە، بێهێزی، یان برووسکە کردن لە باڵدا، ئەوا ئەو ڕاهێنانە بوەستێنە. باشتر وایە جۆر و ژمارەی ڕاهێنانەکان لەلایەن پزیشک یان فیزیۆتراپیستەوە دیاری بکرێت بەپێی بارودۆخی هەر تاکێک.
فیزیۆتێراپی و ڕاهێنانی چاکسازی
چارەسەری فیزیۆتێراپی یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە لە چارەسەرکردنی دیسکی ملدا، بەبێ نەشتەرگەری بەکاردێت. ئامانجی فیزیۆتێراپی تەنها کەمکردنەوەی ئازار نییە. بەڵکوو گرنگە ماسولکەکان بەهێز بکرێت و جوڵەی مل باشتر بکرێت و یارمەتی کەسەکە بدرێت وردە وردە بگەڕێتەوە بۆ چالاکییەکانی ڕۆژانە.
پێویستە ڕاهێنانەکان بەپێی بارودۆخی نەخۆشەکە هەڵبژێردرێن. ئەنجامدانی جوڵەی نەگونجاو یان ڕاهێنان کە ئازاری باڵ و مل زیاد دەکات مەرج نییە بەو مانایە بێت کە پرۆسەی چارەسەرکردن خێراتر دەبێت.
دەرمان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئازار و هەوکردن
هەندێک جار دەرمانی ئازارشکێن یان دەرمانی دژە هەوکردن بەکاردەهێنرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئازار و هەوکردن. ئەگەر ئازارەکە لە دەمارەوە سەرچاوەی گرتبێت، ئەوا پزیشک دەتوانێت دەرمانەکانی تایبەت بە ئازاری دەمارەکانیش لەبەرچاو بگرێت.
جۆری دەرمانەکە بەپێی بارودۆخی تاکەکەسی هەڵبژێردرێت؛ بە تایبەتی لەو کەسانەی کە نەخۆشی بنەڕەتییان هەیە یان دەرمانی تر دەخۆن. بۆیە بەکارهێنانی دەرمان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن یان لەخۆوە بۆ دیسکی مل پێشنیار ناکرێت.
دەرزیکوتان لە دەوری دەمار
ئەگەر ئازارەکە زۆر بوو و بە چارەسەری سادە کۆنتڕۆڵ نەکرا، لە هەندێک حاڵەتدا، ڕەنگە دەرزی دەرمانی دژە هەوکردن لە نزیک دەماری تووشبووەوە بنووسرێت. ئەم ڕێکارە زیاتر بۆ کەمکردنەوەی ئازار و هەوکردن و کڕینی کاتێکی زیاتر بۆ بەردەوامبوونی چارەسەری نانەشتەرگەری بەکاردەهێنرێت.
نەشتەرگەری دیسکی مل
ئەگەر نیشانەکان بە چارەسەری نانەشتەرگەری باشتر نەبن و ئازارەکە بە توندی و بەردەوامی بمێنێتەوە، یان لاوازییەکی بەرچاوی دەمارەکان پەرەی سەند، بە ئەگەرێکی زۆرەوە پزیشکەکەت نەشتەرگەری ئەنجام دەدات. جۆری نەشتەرگەرییەکە بەندە بە شوێنی دیسکەکە و بڕی فشاری سەر دەمار یان بڕبڕەی پشت.
جۆرە باوەکانی نەشتەرگەری بریتین لە لابردنی بەشە بەرزیانکەوتووی دیسکەکە، کەمکردنەوەی فشار لەسەر دەمارەکە، گۆڕینی دیسکەکە، یان لە هەندێک حاڵەتدا پێکەوە لکاندنی بڕبڕەکانە.
چارەسەری دیسکی مل بە دەرمانی تەقلیدی
هەندێک کەس ڕوو لە پزیشکی تەقلیدی یان چارەسەری تەواوکەر دەکەن بۆ کەمکردنەوەی ئازاری مل. شێوازەکانی وەک مەساج یان دەرزی لێدان لەوانەیە یارمەتیدەر بن بۆ کەمکردنەوەی ئازار بۆ ماوەیەکی کاتی لە هەندێک کەسدا، بەڵام نابێت لەگەڵ چارەسەرکردنی دەرکەوتنی خودی دیسکی ملدا تێکەڵ بکرێن.
هەروەها بەڵگەی بەردەست زیاتر لەسەر کەمکردنەوەی نیشانەکانە نەک گەڕانەوەی دیسکەکە بۆ حاڵەتی ئاسایی خۆی. لەبارەی شێوازە دەستییەکان، بەتایبەتی دەستکاریکردنی بڕبڕەکانی مل دەبێ وریایی زیاتر بەکار بێت. دەستکاریکردنی مل بۆ هەموو کەسێک گونجاو نییە و لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا دەبێتە هۆی ئاڵۆزیی گەورە.
بۆیە ئەگەر بڕیار بوو ڕێگای تەواوکەر بەکاربهێنرێت، باشتر وایە سەرەتا هۆکاری ئازارەکە و بارودۆخی دەمارەکە دیاری بکرێت و ئەم ڕێگایانە نابێت جێگەی چارەسەری پزیشکی سەرەکی بگرێتەوە.
باشترین ئازارشکێن بۆ ئازاری دیسکی مل
بۆ کەمکردنەوەی ئازار بە شێوەیەکی کاتی، ڕەنگە دەرمانی ئازارشکێن و دەرمانی دژە هەوکردن وەک ئستامینۆفین یان دەرمانی دژە هەوکردنی ناستیرۆید وەک ئیبوپڕۆفین و ناپرۆکسێن بەکاربهێنرێت. ئەم دەرمانانە زیاتر بۆ کۆنترۆڵکردنی ئازارەکەن و خودی دیسکەکە چارەسەر ناکەن.
ئەگەر لە ئێستادا دەستت بە پزیشک نەگەیشتووە و پێویستە دەرمانی ئازارشکێن بەکاربهێنیت، باشتر وایە دەرمانەکە بەو شێوەیەی کە لەسەر پاکەتەکە ئاماژەی پێکراوە و بۆ ماوەیەکی کورت بخۆیت. ئەگەر گەدە، گورچیلە، جگەر، بەرزی پەستانی خوێن یان نەخۆشییەکی دیکەی بنەڕەتیت هەیە، یان هەندێک دەرمان بەکاردەهێنیت، پێویستە پێش خواردنی هەندێک لەو دەرمانانە زیاتر وریا بیت.
ئەگەر ئازارەکە بەردەوام بوو یان سڕبوون و لاوازی لە دەستەکانتدا دروست بوو، بێگومان دەبێ لە زووترین کاتدا سەردانی پزیشک بکەیت.
چۆنێتی پشوودانی درووست بۆ دیسکی مل
کاتێک ئازارت هەیە، پشوودانی ملت دەتوانێت یارمەتیدەر بێت، بەڵام پشوودان بە مانای مانەوە لە جێگادا نییە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک. باشتر وایە خۆت بەدوور بگرێت لەو چالاکییانەی کە ئازارە زیاد دەکەن، وەک بەرزکردنەوەی شتە قورسەکان یان سەیرکردنی مۆبایل یان کۆمپیوتەرەکەت بە حاڵەتی مل دانەواندنەوە.

پێویستە تا دەتوانیت ملت لە دۆخێکی سروشتیدا بهێڵیتەوە. لە کاتی خەوتندا نابێت سەرینەکەت ئەوەندە بەرز و نزم بێت کە مل بۆ سەرەوە یان خوارەوە بچەمێتەوە. خەوتن لەسەر پشت یان لایەک هەڵبژاردەیەکی باشترە.
بەم خاڵانە ڕێگری لە توندی دیسکی مل بکە
هەمیشە ناتوانرێت ڕێگری لە پێکهێنانی دیسکی مل بکرێت، بەڵام چەند خوویەکی سادە دەتوانێت فشار لەسەر مل کەم بکاتەوە. لەکاتی کارکردن لەگەڵ ئامێرەکانی وەک مۆبایل و بەتایبەتی لۆپ تۆپ، بۆ ماوەیەکی زۆر سەرت لە خوارەوە مەهێڵە و بەرزی شاشەکە ڕێکبخە بۆ ئەوەی مل لە دۆخێکی سروشتیدا بێت.
بەهێزکردنی ماسولکەکانی مل و شان بە ڕاهێنانی گونجاو و ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی ڕێکوپێک و گرنگیدان بە دۆخی جەستە لە کاتی دانیشتن و خەوتنیشدا یارمەتیدەرە بۆ تەندروستی مل. هەروەها ئەگەر هەستت بە ئازار یان نیشانەکانی دەمارەکان کرد وەک سڕبوون و لاوازی دەستەکانت، باشتر وایە هۆکارەکەی بدۆزیتەوە لەبری ئەوەی بەردەوام بیت لە خۆدەرمانکردن.
No Comment! Be the first one.