ترێ یەکێکە لە بەتامترین میوەکانی وەرزی هاوین، کە جگە لە تامە خۆشەکەی، زۆر ماددەی خۆراکی بەنرخیشی تێدایە. سوودەکانی ترێ تەنها لە دابینکردنی وزەدا سنوردار نین و ئەم میوەیە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ تەندروستی دڵ و بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری لەش و باشترکردنی کارکردنی مێشک و پاراستنی گەنجی پێست.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە زۆرێک لە پسپۆڕانی خۆراک پێشنیاری ئەوە دەکەن کە بە ڕێژەیەکی مامناوەند لە خۆراکی ڕۆژانەدا بگونجێت و بەکاربێت.
ترێ بۆ کام نەخۆشی بەسوودە؟
ترێ چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە نییە بۆ نەخۆشییەکان، بەڵام بەهۆی دژە ئۆکسێنەرەکانی و ئاو و ڕیشاڵ و پۆتاسیۆم و پێکهاتە ڕووەکییە سودبەخشەکانی، دەتوانێت بۆ هەندێک کێشەی جەستە بەسوود بێت. بێگومان ئەگەر کەسێک نەخۆشییەکی بنەڕەتی، شەکرە، یان ڕژێمی خۆراکی تایبەتی هەبوو، باشتر وایە خواردنی ترێ لەسەر ئامۆژگاری پزیشک یان پسپۆڕی خۆراکەوە، ڕێکبخات.

- بەگشتی ترێ دەتوانێت بۆ ئەم کێشانەی جەستە بەسوود بێت:
- نەخۆشیەکانی دڵ و خوێنبەرەکان
- پەستانی خوێنی بەرز
- قەبزی و هێواشی کارکردنی ڕیخۆڵە
- لاوازی سیستەمی بەرگری لەش
- هەوکردنی درێژخایەنی لەش
- ماندوێتی و کەمی وزە
- کێشەی پێست بەهۆی وشکبوونەوە و تێکچوونی خانەکانەوە
هۆکاری سەرەکی ئەم کاریگەریانە بوونی پێکهاتەگەلێک وەک ڤیتامین سی و پۆتاسیۆمە لە ترێدا. ئەم ماددانە دەتوانن خانەکانی لەش بپارێزن و یارمەتی پاراستنی تەندروستی خوێنبەرەکان بدەن.
سوودەکانی ترێ بۆ خانمان
خواردنی ترێ بە ڕێژەیەکی مامناوەند دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی بێهێزی و ماندوێتی یان تەنانەت لاوازی دەمارەکان لە ئافرەتانی دووگیاندا. هەروەها باشترین دەرمانی سروشتییە بۆ نەهێشتنی قەبزی لە ئافرەتانی دووگیاندا. لە لایەکی ترەوە خواردنی ترێ زۆر یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی تازەیی و جوانی پێستی خانمان.
سوودەکانی ترێ بۆ پیاوان
یەکێک لە گرنگترین سوودەکانی ترێ بۆ پیاوان دابینکردنی وزەی سروشتییە بە درێژایی ڕۆژ. شەکرە سروشتییەکانی ناو ئەم میوەیە دەتوانێت هێزی جەستەیی پیاوان زیاد بکات و تاڕادەیەکی زۆر ماندوێتی نەهێڵێت کە بەهۆی خۆراکی نادروستەوە دروست دەبێت.
بەهای خۆراکی ترێ
ترێ میوەیەکی سووک و تاڕادەیەک پڕە لە وزە. بەشێکی زۆر لە پێکهاتەکەی ئاوە، بەڵام بڕێکی بەرچاو شەکری سروشتی و بڕێک ڕیشاڵ و ڤیتامین سی و ڤیتامین K و پۆتاسیۆم و دژە ئۆکسانیشی تێدایە. ئەم تێکەڵەیە وا دەکات ترێ هەم تینوێتی بکوژێنێتەوە و هەم خێرا وزە زیاد بکات، هەروەها لە ڕووی خۆراکییەوە بەنرختر بێت لە میوەیەکی شیرینی سادە.

100 گرەم ترێی تازە بەزۆری نزیکەی 69 کالۆری و 18 گرەم کاربۆهیدرات و بڕێکی کەم لە ڕیشاڵ و نزیکەی 190 میلیگرەم پۆتاسیۆمی تێدایە. بێگومان ئەم بڕە کەمێک دەگۆڕێت بەپێی جۆری ترێ و پێگەیشتن و قەبارەی دانەکانی ترێ.
باشترین کات و بڕی خواردنی ترێ
باشترین کات بۆ خواردنی ترێ بەزۆری لە نێوان ژەمەکاندایە. بۆ نموونە وەک خواردنێکی کەمی بەیانیان یان ئێواران. لەم کاتەدا ترێ دەتوانێت وزەی لەش زیاد بکات و ڕێگری بکات لە خواردنی خۆراکی قورستر و شیرینتر. لە ڕووی خواردنەوە، بۆ زۆربەی کەسانی تەندروست، نزیکەی یەک کوپ بچووک یان یەک هێشوو ترێی مامناوەند لە ڕۆژێکدا بەسە.
سەرەڕای سوودە زۆر باشەکانی ترێ، بەڵام خواردنی بە ڕێژەیەکی زۆر هەڵبژاردەیەکی باش نییە بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە یان کێشیان زیادە. باشتر وایە ترێ بە تەنیا یان لەگەڵ چەند ناوک وەکو گوێز و بادەم بخورێت.
کاریگەری لاوەکی خواردنی ترێ چییە؟
ترێ بە شێوەیەکی ئاسایی میوەیەکی تەندروست و سوودبەخشە، بەڵام زۆر خواردنی ترێ بۆ هەندێک کەس کێشە دروست دەکات. لەبەر ئەوەی ترێ ڕێژەی شەکری سروشتی تاڕادەیەک بەرزە، زیادەڕۆیی لە خواردنیدا ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی شەکری خوێن یان کالۆری زیاتر لەوەی کە جەستە پێویستی پێیەتی.

گرنگترین کاریگەرییە لاوەکییە ئەگەرییەکانی زۆر خواردنی ترێ بریتین لە:
- زیادبوونی شەکری خوێن بەتایبەت لە تووشبووانی شەکرەدا
- زیادبوونی وەرگرتنی کالۆری و ئەگەری زیادبوونی کێش
- ئاوسانی گەدە یان ئازاری گەدە لەو کەسانەی کە گەدە و ڕیخۆڵەکانیان هەستیارە
- سکچوون، ئەگەر زۆری لێ بخورێت
- ئەگەری هەستیاری لە هەندێک کەسدا
زۆرترین پرسیار
ئایا ترێ بۆ جگەر باشە؟
بەڵێ ترێ یارمەتی کەمکردنەوەی تێکچوونی خانەکان دەدات و پاڵپشتی تەندروستی گشتی جگەر دەکات. بێگومان ئەگەر کەسێک چەوری جگەری هەبێت یان کێشی زیاد بێت، نابێت ترێ زۆر بخوات، چونکە شەکری سروشتی تاڕادەیەک بەرزە.
ئایا ترێ بە تۆوەوە سوودی زیاتری هەیە؟
لە زۆر حاڵەتدا بەڵێ. بەڵام ئەگەر بەزەحمەت بیجوین، لابردنی تۆوەکان لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی خودی ترێ بێبەشت ناکات.
ئایا ترێ زیانبەخشە بۆ نەخۆشی شەکرە؟
ترێ بۆ تووشبووانی شەکرە بە تەواوی قەدەغەکراو نییە، بەڵام پێویستە کۆنترۆڵی بڕەکەی بکرێت. لەبەرئەوەی شەکری سروشتی تێدایە، زیادەڕۆیی لە خواردنی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی شەکری خوێن.
ئایا ترێی سەوز سوودی زیاترە یان ترێی ڕەش؟
سوودەکانی ترێی ڕەش و سەوز وەک یەک وان. ترێی ڕەش زیاتر دژە ئۆکسانی تێدایە، بەڵام ترێی سەوز سەرچاوەیەکی باشە لە ئاو و ڤیتامین و کانزاکانی لەشیش دابین دەکات.
ئایا شەوانە ترێ بخۆیت باشە؟
ئەگەر بڕێکی کەم بخۆیت، بەزۆری هیچ کێشەیەکی نییە. بەڵام زۆر خواردنی ترێ لە شەودا ڕەنگە ببێتە هۆی ئاوسانی گەدە یان قورسبوونی گەدە بۆ هەندێک کەس.
No Comment! Be the first one.