چاویارنیوز _ رێبوار کەریم وەلی رۆژنامەنووسی دانیشتووی تورکیا دەڵێت: بە شانازییەوە رەنگبێ من یەکێک لەو کەسە دەگمەنانە بم کە حەوت ساڵ پێش ئێستا، زۆر راشکاوانە باسی باڵباڵێنی ناو پارتیم کردووە و ئەو تابۆیەم شکاند، بەڵام ئێستا باجەکەی دەدەم و حەوت ساڵە ناتوانم بگەڕێمەوە کوردستان و لە دیداری دایک و باوکم مەحرومم.
باس لەوە دەکات، هەر لەو رۆژەیڕا کە باڵی ئینقلابچی هاتنە سەر حوکم، بە کردەوە دەستیان بەسەر ژێرخان و سەرخانی وڵاتدا گرت و هاکا، باج لەسەر هەناسەدانی خەڵکیش دابنێن و شازادەی کوڕ، پارەکەی بخاتە رەشی باخەڵییەوە.
ئاماژە بەوە دەکات، رەنگبێ خاڵی وەرچەرخان لە تەحویلی حوکمڕانیی کوردستان بۆ دەستەڵاتێکی ئەمنی، مافیایی، کلیپتۆکراسی و سەرکوتکار، ئەو رۆژە بێت کە پارتیی باوک کوڕ بۆ دوو ساڵ دەرگای پەرلەمانیان داخست و نێچیرڤان بارزانی_یان ناچار کرد چوار وەزیرەکەی گۆڕان بنێرێتەوە، کە ئەوەی بۆ پارتی چووەسەر، ئەوجا نەیهێشت سەرۆکی پەرلەمان وەکو گەشتیارێکی عارەبیش بێتە هەولێر، هەر ئەو پارتییە ئێستا فرمێسکی تیمساح بۆ پەرلەمان دەڕێژێ!
دەڵێت: لە راستیدا، ئۆباڵی ئەو غەدر، زوڵم و ستەمەی کە مەغروور بارزانی بە پاڵپشتیی باوکی لە خەڵکی کوردستانی دەکات، لە ئەستۆی هەمووانە لە سەرۆکی هەرێمەوە بگرە تا یەکێتی و ئەو موهەڕیجانەیش کە رۆژانێک موعارەزە بوون، ئەوە راستییەکی شاراوە نییە کە مەغروور بارزانی وەرەقەی سەرۆکی هەرێم (کە بەپێی قانون سەرۆکی دەستەڵاتی جێبەجێکردنە) ناخوێنێتەوە. تەنانەت تا بۆی بکرێ پێچەوانەی ئەوە دەجوڵێتەوە کە سەرۆکی هەرێم کاری بۆ دەکات. ئەم نەفرەتە پەنگخواردووەی ناخی مەغروور بارزانی وایکردووە بە دەیان هەزار پارتیی دڵسۆز، بکەونە ناو لیستی رەشەوە و لەناو حزبەکەی خۆیان وەکو بێگانە سەیر بکرێن.
راشیگەیاندووە، کاک نێچیرڤان لە چەند ساڵی رابردوودا، ئەگەرچی لەسەر زۆر بابەت و پێشێلییەکان هاتۆتە دەنگ و رێگەی نەداوە پەیکەری حزبەکە بەهۆی ئەوەوە زیانی بەر بکەوێ، بەڵام دەبوایە لێگەڕابایە دەنگدەرانی پارتی لەو دوو هەڵبژاردنەی رابردوو پارتیی باوک و کوڕیان سزا دابایە. ئەوەی نەکرد و لە بری ئەوە چووە سەر ستەیج و داوای ملیۆنێک دەنگی کرد!، لە مەراسیمی پێدانی نیشانی باڵای ئیتالیا، جگە لە یەک کەس، هەموو پارتیی باوک و کوڕ غائب بوون. ئامادەنەبوون پێرۆزباییەکیش بنوسن!
جەخت لەوە دەکاتەوە، کاک نێچیرڤان بە تەدەخولەکانی بۆ راستکردنەوە باری کەوتووی حکومەتەکەی مەغروور بارزانی، غەدر لە خۆی دەکات؛ تەمەنی دەستەڵاتێک درێژ دەکاتەوە کە لە گیانەڵادایە.
No Comment! Be the first one.