چاویارنیوز – ململانێی ئیداری و یاسایی لەسەر کورسیی پارێزگاری کەرکووک قۆناغێکی نوێ و ئاڵۆزی تۆمار کرد و پێکدادانی دەسەڵات لە نێوان پێکهاتە و بەرپرسانی پارێزگاکەدا چووە ئاستێکی هەستیارەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی ڕێبوار تەها خۆی وەک پارێزگاری بەوەکالەت ناساند و لە بەرامبەردا محەمەد سەمعان بە پەلە گەڕایەوە سەر کورسییەکەی.
بەپێی زانیارییەکان، لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستبەکاربوونی محەمەد سەمعان وەک وەزیری دەوڵەت لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق، بۆشاییەکی کارگێڕی لە پارێزگای کەرکووک هاتە ئاراوە. لەم چوارچێوەیەدا، ڕێبوار تەها، جێگری پارێزگاری کەرکووک ڕایگەیاند کە بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی عێراق و بەهۆی چۆڵبوونی پۆستەکەوە، لە ئێستادا ئەرک و دەسەڵاتەکانی پارێزگاری کەرکووکی بە شێوەی وەکالەت گرتووەتە ئەستۆ.
ڕاگەیاندنی ئەم هەنگاوەی ڕێبوار تەها کاردانەوەی خێرای بەدوای خۆیدا هێنا؛ محەمەد سەمعان بە پەلە و بەبێ دواکەوتن گەڕایەوە بۆ باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک و ڕاستەوخۆ لەسەر کورسیی پارێزگار دانیشتەوە، بەمەش ئاماژەی بە ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دەستاودەستکردنێکی دەسەڵات دا و پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی لایەنە ڕکابەرەکان کرد.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەم جموجۆڵە خێرایەی سەمعان و تەحەدای تەها، ئاماژەیە بۆ قوڵبوونەوەی تەنگژەی سیاسی لە کەرکووک و هەوڵی لایەنە ناکۆکەکان بۆ سەپاندنی ئەمری واقیع بەسەر ئیدارەی شارەکەدا، لە کاتێکدا چارەنووسی بەڕێوەبردنی پارێزگاکە لە نێوان تەفسیرە جیاوازە یاساییەکان و هاوکێشە سیاسییەکاندا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
No Comment! Be the first one.