چاویارنیوز _ لە نووسینێکدا کە لە شێوەی پەیامێکدایە بۆ مەزڵوم عەبدی، بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تورکیا، چوار تێبینی لەسەر وەرگرتنی پۆستی راوێژکاری حکومەتی سوریا هەیە لەلایەن مەزڵوم عەبدیەوە.
لە پێشەکی پەیامەکەدا دەڵێت” جەنەراڵ مەزڵوم سڵاو، هەموو كورد چاومان بڕیبووە رۆژئاوا. دڵمان بە خەباتی شەڕڤانان زۆر خۆشبوو، لەوە تێگەیشتین رێککەوتنامەکەتان لەگەڵ شەرع و سوریا، رێککەوتنێکی ناچاری بووە و زەختی زۆریشتان لەسەربوو. هەم لە ناوخۆ و هەمیش زەختی دەرەوە، بەڵام تێنەگەیشتم بۆ جەنابتان پۆستی راوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆمارتان وەرگرت و رازیبوون پێی. پێموایە دەبوایە جەنابتان خۆتان لە قامیشلۆ یان حەسەکە دابنیشتانایە و کەسێکی ترتان بۆ ئەم شوێنە لەباتی خۆتان کاندید بکردایە، بێگومان لە بەر چەندین هۆکاری سەرەکی و گرنگ”.
بەهرۆز گەڵاڵی لەیەکەم تێبیندا دەڵێت: جەنابتان لە رۆژئاوا دابنیشتانایە لە نزیکەوە ئیدارەی ناوچەکەتان دەدا و لەنزیکەوە ئاگاداری کێشەکان دەبون.
لە بارەی تیبینی دووەمەوە دەڵێت: جەنابتان سەرکردەو سیمبۆلی رۆژئاوابوون، بۆ دژایەتیکردنی تێرۆرو تێرۆریستان و رەمزی برایەتی و پێکەوەژیان و بەرگریکردنبوون لە نەتەوەکەمان، چۆن دەبیتە راوێژکاری تێرۆریستانی دوێنێ.
سێیەم تێبینیش دەڵێت: خودی پۆستەکە، راوێژکار نییە تایبەت بەکاروباری کوردی، بەڵکو راوێژکارێکی ئاساییە لە سەرۆکایەتیی کۆمار وەک هەر راوێژکارێکی تر، چونکە تاکو ئێستا شەرع دانی بە کورددا نەناوە وەک نەتەوە، بەڵکو وەک پێکهاتە سەیری دەکات، بۆ زمانەکەشمان شەرع و حکومەتەکەی ناڵێن زمانی کوردی. بەڵکو دەڵێن زمانی نیشتمانی (وطنی).
لە بارەی کۆتا خاڵەوە، هۆشداری تیرۆرکردن دەدات بە مەزڵوم عەبدی و دەڵێت: زۆر گروپی توندڕەوی رادیکاڵ ئەمڕۆ لەحکومەتەکەی شەرعدا بەشدارن و من ترسم هەیه ئەو گروپە توندڕەوانە کە پێشتر کاری تێرۆریستی زۆریان لەدژی کوردو کوردستان ئەنجامداوە و جێگای بڕواو سیقە هیچ نین و کێ ناڵێ سبەینێ هەوڵی تیرۆرکردنتان نادەن و تێرۆرتان ناکەن ؟ لەکۆتاییدا دەڵێم جەنەڕاڵ خوابتان پارێزی و دوربن لە پیلانی دوژمنان و نەیاران. روونە ئێمەی کورد نەتەوەیەکی زۆر بێ پشتیوان و بێ دۆستی راستەقینەین، جاروبار بەکارمان دێنن و دوایش کەکاریان پێمان نەما گورگان خواردیمان دەکەن.
No Comment! Be the first one.