چاویارنیوز _ رێبوار کەریم وەلی نووسەری دیاری کورد لە وتارێکدا رەخنە لە بکەرانی ریفراندۆم دەگرێت و دەڵێت: پێویستە دادگایی بکرێن، ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەکەیەتی،
چەند رۆژێک بەر لە ریفراندۆمی 25ی ئەیلول، لە پیرمام، دیدارێکی نیو سەعاتیم لەگەڵ سەرۆکی ئەو کاتی هەرێم بارزانیی باوکدا، هەبوو. خوا هەڵناگرێ زۆر بەگەرمی پێشوازیی لێکردم. وەکو هەموو خەڵک منیش دەیان پرسیارم لە مێشکدا بوو.
*
گرنگترینیان پشتیوانیی نێودەوڵەتی و دوای ئەوەش پرسیارە هەرە قورسەکە بوو کە ئەویش ئەوە بوو 26ی ئەیلول چ روودەدات. وەڵامەکانم بە کورتی وەرگرتەوە کە بەڵێ تێگەیشتنێکی نێودەوڵەتی و تەنانەت ئیقلیمیش تا راددەیەک هەیە بۆ ئەوەی کورد بتوانن چارەنوسی خۆیان دیاری بکەن. 26 ی ئەیلولیش هیچ روو نادات و بەغدا ناچارە رێگەی حیوار بگرێتە بەر و دراوسێی لە ئێمە باشتری نابێ.
*
بۆ ئەو رۆژە و لەناو ئەو کەشوهەوایە حەماسییەی خەونی سەربەخۆیی رەخساندبووی، وەڵامەکان موقنیع بوون.
*
هەر دوو رۆژ دوای ئەو دیدارە نزیکەی سەعاتێکیش سەرۆکی حکومەت نێچیرڤان بارزانیم بینی. دیمەنەکە رێک پێچەوانە بوو. هێشتا نامەکەی تیلەرسۆن نەهاتبوو بەس ئەو هەم لە نامەکە و هەم لە ناوەرۆکەکەی ئاگادار بوو.
*
دواخستنی ریفراندۆم و رازیکردنی بارزانیی باوک.
*
سەرباری ئەوەی کە لە ماوەی ئەو مانگەدا، کەناڵی رووداو بایی سەدان هەزار دۆلار کەمپینی پشتیوانی لە ریفراندۆمی لە سەرتاسەری ئەورپا بەڕێوە دەبرد و لەو قەیرانە ئابورییەشدا، سەرۆکی حکومەت بە ملیۆنان دۆلاری بۆ بەڕێوەچوونی ریفراندۆمەکە تەرخان کردبوو. بەس هەموو هەوڵی ئەو بەو ئاراستەیەدا بوو کە ریفراندۆم دوا بخرێ. ئەو پێیوابوو کە کارەسات روو دەدات و هەر بۆیەش دوای دەنگدان گوتی: ئەو ئاڵایەی عێراق ئەمڕۆ لێرەیە و سبەینێش هەر لێرە دەبێ.
*
ریفراندۆم کرا، بەغدا چاوی بە هەرێم سور کرد. نەک (دەرگەی حیواڕی) نەکردەوە، هەموو دەرگاکانیشی بەسەر هەرێمدا داخست. ئەو هەرێمەی بۆخۆی وەک نیمچە دەوڵەتێک بوو، نیوەی خاکی لەدەست دا و ئەوەی بە کەوچک کۆ کرابۆوە، بە شۆفڵ راماڵرا. عارەبی شیعە و سوننەی یەکخست.
*
دیسان دوای ریفراندۆم و ئەو کاتەی کە بارزانیی باوک لە ژێر گوشاری نێودەوڵەتیدا، کورسییەکەی رادەست کرد، دیسان لە پیرمام چومەوە لای. دەیویست ئۆباڵی هەموو نەهامەتییەکە بخاتە ئەستۆی ئەمریکا، بە تایبەتیش لە 16ی ئۆکتۆبەردا کە داگڵس سلێمان وەڵامی تەلەفۆنەکانی نەداوەتەوە و پێیان گوتووە ئەمڕۆ دوێنێ نییە!
*
25ی ئەیلول رۆژێکی شوومە لە مێژوی میللەتی کورددا کە دەبێ سەران و بکەرانی ئەو رووداوە لە بەردەم دادگای گەل لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێ. نە لەبەر ئەوەی داوای سەربەخۆییان کردووە، بگرە لەبەر بە فێڕۆدانی خوێنی هەزاران پێشمەرگە و لەناوبردنی خەونی سەربەخۆیی.
*
ئەو (سەر)انە لە بەردەم هەزاران کەس دەیانگوت ئامادەن لە پێناوی (سەر)بەخۆیی (سەر)ی خۆیانی لە(سەر)دابنێن، نەک وایان نەکرد، بگرە وەک چۆن نەوشیروان مستەفا، ماهییەتی ئۆپۆزیسیۆنی لە کوردستاندا، پوچ و بەتاڵ کردەوە، ئاواش ئەوان خەونی (سەر)بەخۆیی میللەتیان کردە کابوس.
No Comment! Be the first one.