چاویارنیوز – مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران سەرەخۆشی لە خەڵکی پارێزگای کوردستان دەکات بە هۆی ئەو ڕووداوەی کە دوێنێ لە ڕێگەی سنە – هەمەدان ڕوویدا و ژمارەیێک هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و برینداربوون و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بەرپرسانی پەیوەندیدار بەپەلە لێکۆڵینەوەی ورد لە هۆکارەکانی ئەم کارەساتە بخەنە لە پێشینەی کارەکانیان.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە، پەیامێکی بە بۆنەی ڕووداوە سەختەکەی ڕێگەی سنە هەمەدان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، رووداوی تاڵی تەقینەوەی تانکەری سووتەمەنی لە ڕێگای سنە – هەمەدان و گیانلەدەستدانی ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی ئازیزمان بووە هۆی خەمێکی قووڵ.
سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت: “لە کاتێکدا پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵە خەمبارەکان و خەڵکی کوردستان دەکەم، پێویستە بەرپرسانی پەیوەندیدار بەپەلە چارەسەرکردنی بریندارەکان، پاڵپشتیکردنی بنەماڵەکان و لێکۆڵینەوەی ورد لە هۆکارەکانی ئەم کارەساتە بخەنە لە پێشینەی کارەکانیان”.
دوێنی ئێوارە تانکەرێکی سووتەمەنی لە ڕێگەی سنە-هەمەدان تەقییەوە کە گیانلەدەستدانی 11 هاووڵاتی و برینداربوونی ٧ هاوڵاتی دیکەی لێکەوتەوە.
بە هۆی ڕووداوەکەوە ئەمڕۆ و سبەینێ لە پارێزگای کوردستان ماتەمینی ڕاگەیەندرا.
No Comment! Be the first one.