چاویارنیوز – سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە میانەی دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی یەکلاکردنەوەی پرسی گرووپە چەکدارەکان و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان، هۆشداری توندی دا سەبارەت بە جموجووڵەکانی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان.
سەرلەشکر موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە و دۆسیە ئەمنییە هەستیارەکانی تاوتوێ کرد.
لەو دیدارەدا، ڕەزایی جەختی لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان و کۆتاییهێنان بە جموجووڵی گرووپە چەکدارەکان کردەوە. هاوکات لەبارەی جوڵەکانی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان هۆشداری دا و بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە وەسفی کرد. ناوبراو هەروەها پەرەپێدانی زیاتری هاوکارییە ئابوورییەکانی بە پێویست زانی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا ڕایگەیاند: «ئێمە بە هیچ شێوەیەک متمانەمان بە ئەمریکا نییە؛ پێویستە ئەوان هەنگاوی کردەیی بنێن تا بتوانن متمانەی ئێمە بەدەستبهێنن.»
لای خۆیەوە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وێڕای پێشوازیکردن لە پەرەپێدانی زیاتری هاوکارییە ئابووری، ئەمنی و دیپڵۆماتییەکان، هاوڕایی خۆی بۆ پێویستیی چارەسەرکردنی پرسی گرووپەکان و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان دەربڕی.
No Comment! Be the first one.