چاویارنیوز – لە کاتێکدا هەموو ڕۆژێک گەنجان و خێزانەکان ناچار دەبن لەبەر نەبوونی هەلی کار، نادادپەروەری و بێهیوا بوون لە داهاتوو، ڕێگەی پڕ لە مەترسیی کۆچ هەڵبژێرن، کارەساتێکی تری دڵتەزێن خێزانێکی شاری سلێمانیی هێنایە لرزە و دوو منداڵی بێتاوان بوونە قوربانیی قاچاخچییەکانی مەرگ.
ئەم خێزانە پێنج کەسییە، تەنها لەبەر ئەوەی بەدوای ژیانێکی سەلامەتتردا دەگەڕان، ناچار بوون بڕی ٥٥ هەزار دۆلاری ئەمریکی بدەنە کەسانی قاچاخچی تاوەکو لە ڕێگەیەکی گوایە “سەلامەت”دا بیانگەیەننە ئەورووپا. بەڵام ئەمە تەنها خەڵەتاندنێک بوو بۆ تاڵانکردنی سامانی خێزانەکە و خستنە ناو دەمی مەرگەوە. لە ئەنجامی نقوومبوونی بەلەمەکەیان لە نێوان تورکیا و یۆنان، دوو منداڵ گیانیان لەدەست دا و منداڵی سێیەمیشیان بێسەروشوێنە، لە کاتێکدا دایک و باوکەکە تەنها توانیویانە لەم دۆزەخە ڕزگار ببن و ئێستا لە خەمێکی قووڵ و بێپایاندا دەژین.
ئەم کارەساتە جارێکی تر ڕووی ناشیرینی تۆڕەکانی قاچاخچییەکان و بێدەنگیی دەسەڵاتداران لە ئاست قووڵبوونەوەی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان و کۆچی بەکۆمەڵ ئاشکرا دەکات؛ کە تێیدا هاووڵاتییان بۆ هەڵاتن لە بارودۆخی سەختی ناوخۆ، سەروەت و ژیانی خۆیان دەخەنە دەست بازرگانانی مرۆڤەوە، بێ ئەوەی هیچ گەرەنتییەک بۆ ژیان و داهاتوویان هەبێت.
No Comment! Be the first one.