چاویارنیوز – مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بە پێی بنەماکانی دەستوور و یاسا، مافێکی دارایی و بنچینەییە و پێویستە لە کاتی خۆیدا و بە شێوەیەکی بەردەوام دابین و دابەش بکرێت.
هەر دواخستن یان بەستنەوەی مووچە بە ململانێ و هاوکێشە سیاسییەکان، پێچەوانەی بنەماکانی دادپەروەری و پاراستنی مافەکانی هاوڵاتیانە.
لە نزیکبوونەوەی جەژنی قورباندا، کاتێک خێزانەکان زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستیان بە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان هەیە، دواخستنی مووچە بارودۆخێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نالەبار بەسەر فەرمانبەران، مامۆستایان و هەموو مووچەخۆراندا دەسەپێنێت.
لە کاتێکدا هێشتا بەشێک لە مووچەخۆران مووچەی مانگی چوار بە تەواوی وەرنەگرتووە، لە هەمان کات باس لە دابینکردنی مووچەی مانگی پێنج دەکرێت.
ئەم دۆخە بە شێوەیەکی دووبارەبووەوە، بۆتە هۆی زیادبوونی نائارامی دارایی و دەروونی ناو خێزانەکان.
بەپێی زانیارییە باڵوکراوەکان، حکومەتی فیدراڵ ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی پێنج پێش جەژن، بە مەرجی ڕەوانەکردنی داهاتی ناوخۆ لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە.
ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، چاوەڕوان دەکرێت مووچەکان پێش جەژن دابەش بکرێن، بەڵام ئەگەر دوا بکەوێت، ئەوا مووچەخۆران ناچار دەبن بۆ ماوەیەکی تر چاوەڕوانی مافە داراییەکانیان بکەن.
مووچە تەنها بڕێک پارە نییە، بەڵکو سەرچاوەی سەرەکی ژیانی خێزانەکان و بناغەی ئارامی کۆمەڵایەتییە.
بۆیە پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە چوارچێوەی یاسا و بەرپرسیاری نیشتیمانی، دوور لە هەر ململانێیەکی سیاسی، هەنگاو بنێن بۆ دابینکردنی مووچەکان لە کاتی خۆیاندا و پاراستنی مافە داراییەکانی هاوڵاتیان.
مافپەروەر / هیوا هادی
No Comment! Be the first one.