چاویارنیوز – ئەو قەیرانەی ١١ ساڵە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تێیدا دەژین، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی داعش و هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم سەریهەڵدا و تا ساڵی ٢٠٢٥ بەردەوام بوو. لەم ماوەیەدا ٦٣ مووچەی مانگانە بە تەواوی یان بەشێکی نەدراوە، کە کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی سەدان هەزار خێزانی کوردستانی بەجێهێشتووە.
بەشێک لە فەرمانبەران نیوەی خزمەتەکانیان لەسایەی قەیرانی مووچەدا بەڕێکردووە، بەوپێیەی گرفتی مووچە ماوەی ١٢ ساڵە و لەساڵی ٢٠١٤ ەوە بەردەوامە.
ڕەگی کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤، کاتێک نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی عێراق بۆ یەکەمجار بڕیاری بڕینی بودجەی هەرێمی دا، دوای ئەوەی هەرێم دەستی کرد بە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتی کێڵگەکانی خۆی و بەشێک لە کێڵگەکانی کەرکووک بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا.
ناکۆکییەکان ڕێککەوتنەکان پەکدەخەن
لە بودجەی ساڵی ٢٠١٣دا، هەرێم پابەند کرا بە ڕادەستکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە کۆمپانیای (سۆمۆ) لە بەرامبەر وەرگرتنی پشکی ١٧٪ی بودجە. ئەم بڕگەیە جێبەجێ نەکرا؛ بەغدا هەرێمی بە نەدانی نەوت تۆمەتبار کرد و هەرێمیش بەغدای بە نەدانی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان تۆمەتبار کرد. دواتر مالیکی بڕیاری بڕینی بودجەی دا و حکومەتەکەی نێچیرڤان بارزانیش بۆڕییەکی سەربەخۆی بەرەو تورکیا ڕاکێشا.
قەیرانی سیاسییە یان دارایی؟
جەمال کۆچەر، پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت: قەیرانی مووچە لە بنەڕەتدا قەیرانێکی سیاسییە نەک دارایی.
هاوکات د. سامان شاڵی پسبۆڕی ئابووریی، ئاماژە بەوەدەکات ڕاگرتنی بودجە تەنیا هۆکاری سیاسی نەبوو، بەڵکو هۆکاری یاسایی و ئابووریشی هەبوو. بەم هەنگاوە بەغدا توانی بەبێ جەنگی سەربازی ئابووری هەرێم بێهێز بکات و بیکاتە سواڵکەری مووچە.
د. سامان ڕەخنەش لە حکومەتی هەرێم دەگرێت و دەڵێت: دوای ڕادەستکردنی نەوت و نیوەی داهاتە نەوتییەکان، لەبڕی داواکردنی پشکی تەواوی بودجە، تەنیا داوای مووچە دەکات. هۆکارەکەی نەبوونی پلانی ڕوون و بێئەزموونی تیمی دانوستانکارە. بەپێی دوا سەرژمێری، پشکی هەرێم دەبێت ١٤٪ بێت نەک ١٢.٦٧٪.
١١ ساڵ تەمەنی قەیرانی مووچە!
لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تا ئێستا، مووچەخۆران تەنیا ١٨ مووچەی تەواویان وەرگرتووە و ٤٥ مووچەیان بە پاشەکەوتەوە پێکگەیشتووە. زۆرینەی هاووڵاتیان بێئومێدن لە گەڕانەوەی ئەو پارانە، بەتایبەت کاتێک بەرپرسان دەڵێن: «مووچەکانتان لای حکومەتی عێراقە، ئەوان نایدەن نەک ئێمە.»
مووچەخۆران دووجار باج دەدەن!
جگە لە پاشەکەوتکردنی مووچەکان، جێبەجێ نەکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠١٤ لە کاتی خۆیدا لە هەرێم، بووە هۆی ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم زۆر کەمتر بێت لە بەشەکانی دیکەی عێراق .
کاتێک لە حوزەیرانی ٢٠٢٥ یاساکە سەپێنرا، حکومەتی هەرێم جیاوازی بڕینی خانەنشینی ساڵانی پێشوو (کە لە ٧٪ەوە ببووە ١٠٪)ی کردە قەرز بەسەر شانی فەرمانبەرانەوە. ئێستا لەگەڵ هەر مووچەیەکدا، بڕینی سێ مانگی ڕابردووش (٢٠١٤-٢٠٢٤) لێدەبرێت، تەمانەت لەسەر ئەو مووچانەش کە هەر وەریان نەگرتووە!
عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری پێشووی هەرێم دەڵێت: «ئەمەی ڕوودەدات لە هیچ یاسایەکدا نییە، ئابڕووچوونە! ئایا دەبێت فەرمانبەرێک مووچەی وەرنەگرتبێت و بڕینی خانەنشینیشی لێبکرێت؟»
کاریگەرییە لاوەکییەکان
بەهۆی ڕاگرتنی بەرزکردنەوەی پلە بۆ ١١ ساڵ، فەرمانبەرێک کە لە ٢٠١٦دا مووچەکەی ملیۆنێک دینار بووە، ئێستاش هەمان بڕ وەردەگرێت، لە کاتێکدا هەڵئاوسان و گرانبوونی کاڵاکان زیادی کردووە.
شوان ئەحمەد فەرمانبەر، دەڵێت: «ساڵی ٢٠١٥ مووچەکەم ١.٦٠٠.٠٠٠ دینار بوو، ئەمڕۆ کەمتر وەردەگرم! بڕینی خانەنشینی زیادی کردووە و بەرزکردنەوەی پلەش ڕاگیراوە. ئەگەر بەرزکردنەوە ڕانەگیرابا، دەبوو مووچەکەم ١٥٠ هەزار دینار زیادی بکردایە.»
حکومەتی هەرێم قەرزاری ٦٣ مووچەیە
تا حوزەیرانی ٢٠٢٦، ١٨ مووچە بە تەواوی نەدراون و ٤٥ مووچەش بە لێبڕینی جیاواز (تا ٢١٪) دراون. بەمەش هەر فەرمانبەرێک زیاتر لە ٦٠ مووچەی لای حکومەتە، کە کۆی گشتی پارەکە بە زیاتر لە ٢٥ تریلیۆن دینار مەزەندە دەکرێت.
مامۆستایەکی ئامادەیی دەڵێت: «کۆی مووچە نەدراوەکانم ٣٣ ملیۆن دینارە، ئەگەر هی هاوسەرەکەشم (کە مامۆستایە) دابنێم، دەبێتە زیاتر لە ٦٠ ملیۆن دینار. بە پێکەنینەوە: من پارەی شۆقەیەکی بچووکم لای حکومەتە!»
عومەر گوڵپی ئاماژە بەوە دەکات لە یاسای چاکسازی ساڵی ٢٠٢٠دا بڕگەیەک هەبوو بۆ بەیەکەوەبەستنەوەی هەژمارێکی بانکی بۆ هەر فەرمانبەرێک تا شایستەکانی تێدا تۆمار بکرێت، بەڵام جێبەجێ نەکرا.
لاوازی سیاسی و خراپی کۆکردنەوەی داهات
فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات دوای ٢٠١٧ لە بەرامبەر بەغدا زۆر بێهێز بووین. ئێمەش لە چارەسەرکردنی کێشەکان کەمتەرخەم بووین.
بەڵام عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێست، پێیوایە کێشەکە لە کۆنەکردنەوەی داهاتە نەک کەمی داهات. یەکێتی و پارتی داهاتی ناوچەکانی خۆیان کۆدەکەنەوە؛ یەکێتی ٤٣٪ و پارتی ٥٧٪ی داهاتی ناوخۆ دەدەن بۆ دابینکردنی ئەو ١٢٠ ملیارەی مانگانە دەبێت بنێردرێت بۆ بەغدا.»
ئاسۆی ناڕوونی چارەسەر
لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە تا ئێستا ٩ ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ بەغدا کراون و هەموویان شکستیان هێناوە، جگە لە ڕێککەوتنی ١٧ی تەمموزی ٢٠٢٥ کە تا ٢٠٢٦ درێژکراوەتەوە. ڕێککەوتنەکە بریتییە لە هەناردەکردنی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی سۆمۆ و دانی نیوەی داهاتی نانەوتی لە بەرامبەر ناردنی مووچە.
شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە دەبێت یاسای نەوت و گاز پەسەند بکرێت و چاکسازیی ناوخۆیی لە هەرێم دەستپێبکات، کۆتایی بە بەخشینی کەرتە خزمەتگوزارییەکان بە کۆمپانیا حزبییەکان بهێنرێت و لێپرسینەوە لە گەندەڵی بکرێت.
لە پەنجەرە وەرگیراوە
No Comment! Be the first one.