چاویارنیوز – میدیای فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران، ناوەڕۆکی ڕەشنوسی ڕێککەوتنی ئەو وڵاتە و ئەمریکای بڵاوکردەوە کە دەستکەوتی بەرچاوی تاران لە ڕێککەوتنەکەدەردەخات، واتا ئەم سەرکەوتنە وەکوو تەواوکەری سەرکەوتن لە بەرەی شەڕی سەربازییە.
گرنگترین خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بریتین لە:
🔹ڕاگرتنی هەمیشەیی و دەستبەجێی شەڕ لە هەموو بەرەکاندا، لەوانەش لوبنان.
🔸پابەندبوونی ئەمریکا بە دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی ئێران و ڕێزگرتن لە سەروەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
🔹لادانی تەواوی گەمارۆی دەریایی لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا.
🔸پابەندبوونی ئەمریکا بە کشانەوەی هێزەکانی لە دەوروبەری ئێران.
🔹کردنەوەی گەرووی هورمز لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا بەپێی ڕێوشوێنی ئێرانی.
🔸هەڵپەساردنی سزاکانی سەر فرۆشتنی نەوت، بەرهەمە پێترۆکیمیاییەکان و داڕشتەکان، و دەستڕاگەیشتنی تەواوی ئێران بە سەرچاوە داراییەکانی.
🔹پێویستیی پێشکەشکردنی پلانی ئاوەدانکردنەوەی ئێران بە لانی کەم بڕی ٣٠٠ ملیار دۆلار لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانیەوە.
🔸٦٠ ڕۆژ دانوستان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر بنەمای بابەتە ئەتۆمییەکان و لادانی تەواوی سزاکانی سەرەکی، لاوەکی، ئەمریکا و بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی حاکامانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.
🔹دووبارەکردنەوەی پابەندبوونی ئێران لە پەیماننامەی (NPT)دا سەبارەت بە بەرهەمنەهێنانی چەکی ئەتۆمی.
🔸لە ماوەی دانوستانەکاندا ئەمریکا پابەند دەبێت بەوەی هێزەکانی لە ناوچەکەدا زیاد نەکات و سزای نوێش نەسەپێنێت.
🔹ئازادکردنی ٢٤ ملیار دۆلار لە پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران لە ماوەی ٦٠ ڕۆژی دانوستانە کۆتاییەکاندا. نیوەی ئەم بڕە پارەیە دەبێت پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان بخرێتە بەردەستی ئێران.
🔸پێکهێنانی میکانیزمێکی چاودێری بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
🔹ڕێککەوتننامەی کۆتایی لەلایەن بڕیارنامەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند دەکرێت.
🔸دانوستانی کۆتایی پێش ئازادکردنی نیوەی پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران، هەڵپەساردنی سزاکانی نەوتی ئێران و لادانی گەمارۆی دەریایی دەست پێناکات.
🔹 ڕێککەوتنی کۆتاییش تەنها لەسەر بابەتی چارەنووسی ماددە پیتێنراوەکان و پیتاندن، لادانی سزاکان، و پلانی ئاوەدانکردنەوەی ئابووریی ئێران دەبێت.
🔸 گفتوگۆکردن لەسەر بەرنامەی مووشەکیی ئێران و پشتگیریکردنی گرووپەکانی بەرگری بە شێوەیەکی بنبڕ لە کارنامەکە لادراوە.
No Comment! Be the first one.