چاویارنیوز _ “ئەندرێس ئینیستا” گەشبینی خۆی بۆ داهاتووی هەڵبژاردەکەی دەربڕی، ئیسپانیا بە یەکێک لە ڕکابەرە جددیەکانی بردنەوەی مۆندیالی 2026 زانی و نێوی “لامین یامال”یشی وەک یەکێک لە دیاردە ناوازەکانی تۆپی پێی جیهان، هێنایە ئاراوە.
ئەندرێس ئینیستا، کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لە پەراوێزی مەراسیمی کردنەوەی ئەکادیمیای تۆپی پێی تایبەتی خۆی لە دوبەی باسی لە بەختی لارۆخا کرد لە پێشبڕکێکانی داهاتوودا و هیوای خۆی دەربڕی کە نەوەی نوێی تۆپی پێی ئیسپانیا بتوانێت شکۆمەندی مێژوویی ساڵی 2010 دووپات بکاتەوە.
ناوبراو لە هەمان ڕێوڕەسمدا وتی؛ هیوادارم جارێکی دیکە ئیسپانیا بگاتە لووتکەی تۆپی پێی جیهان و هەمان ئەو شتە بەدەستبهێنێت کە لە باشووری ئەفریقا ئەزموونمان کرد، تیپی ئێستا توانای ڕکابەریکردنی باشترین تیپەکانی جیهانی هەیە لەڕووی تەکنیک و کەسایەتی و عەقڵیەتییەوە، باوەڕیشم وایە لەنێو سێ پاڵێوراوی سەرەکیی پاڵەوانێتییەکەدا دەبێت.
یاریزانە پێشووەکەی یانەی بەرشەلۆنە پێی وایە سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی ئیسپانیا بەتایبەت سەرکەوتنی لە پاڵەوانێتی ئەوروپادا ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە بەرزکردنەوەی متمانەی یاریزانەکانیان. دووپاتیشی کردەوە، ئەزموونی یاریکردن لە پاڵەوانێتییە گەورەکان و بردنەوەی نازناوەکان، کولتوور و بیر و باوەڕی بردنەوەی لە ژووری جلگۆڕینی هەڵبژاردەی نیشتمانیدا چاندووە و دەتوانێت هەوێنیان بێت لە ڕێگەی گەیشتنیان بۆ پاڵەوانێتی مۆندیال.
ئینیستا لە درێژەی قسەکانیدا ستایشی لامین یامالی کرد کە ئەستێرەیەکی گەنجە و زۆر کەس بە گەورەترین هیوای ئیسپانیا بۆ ساڵانی داهاتوو دەیزانن. ئەو دەڵێت؛ هەر جارێک کە سەیری لامین یامال دەکەیت، لایەنێکی نوێی بەهرەکەی دەدۆزیتەوە، کوالیتی تایبەتی هەیە، دیدێکی گەورەی هەیە لە یاریگادا و سەرەڕای کەم تەمەنی ، پێگەیشتنێکی سەرنجڕاکێشی لە تۆپی پێدا هەیە.
No Comment! Be the first one.