چاویارنیوز _ دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و پشکنینی ئەمنی لە هێرشبەرە بەناوبانگەکەی هەڵبژاردەی عێراق لە فڕۆکەخانەی شیکاگۆ، دواجار ڕێگەی پێدرا بچێتە ناو ئەمریکا و گەڕایەوە کەمپی تیپەکەی؛ ڕووداوێک کە لە سەروبەندی مۆندیالی 2026دا لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا بە شێوەیەکی بەرفراوانی ڕوماڵ کرا.
دەستبەسەرکردنی کاتی ئیمەن حسێن هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق، لە فڕۆکەخانەی ئۆهێری شیکاگۆ بووەتە یەکێک لە ڕووداوە هەواڵییەکانی چەند کاتژمێری ڕابردووی تۆپی پێی جیهان. میدیا عەرەبی و جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، ئەو هێرشبەرە تەمەن 30 ساڵە بۆ ماوەی نزیکەی 7 کاتژمێر پشکنینی ئەمنی و کۆچبەرانەی بۆ کراوە، و نەیتوانیوە لەگەڵ ئەندامانی تری تیمەکەی فڕۆکەخانە بەجێبهێڵێت.
دوای ئەوەی کاروانەکەی عێراق چووەتە ناو شیکاگۆ، بەرپرسانی فڕۆکەخانەی ئەمریکا ژمارەیەک لە یاریزانانی تیپەکەیان هەڵبژارد بۆ پشکنینی زیاتر. بەڵام درێژترین دواکەوتن بۆ ئیمەن حسێن بوو کە نزیکەی 7 کاتژمێر لە بەشی کۆنتڕۆڵی ئەمنی مایەوە. دواجار دوای تەواو بوونی لێکۆڵینەوەکان ئازاد کرا و پەیوەندی بە هەڵبژاردەی عێراقەوە کرد.
هەروەها چەند یاریزانێکی تری عێراقیش ڕووبەڕووی دواکەوتنی نێوان 1 بۆ 2 کاتژمێر بوونەتەوە، بەڵام هیچیان بە ئەندازەی ئیمەن حسێن لە فڕۆکەخانە ڕاگیراون. بەرپرسانی عێراقی و ئەندامانی شاندی تیمەکە هەوڵیاندا پڕۆسەی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکەیدا لەم ماوەیەدا خێراتر بکەن.
لە کاتێکدا لە کاتژمێرەکانی سەرەتاوە دەنگۆی جۆراوجۆر سەبارەت بە هۆکاری ئەم ڕووداوە وروژێندرابوو، هەندێک لە ڕاپۆرتە میدیاییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە لێکچوونی ناوەکە لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکەی عێراقی ڕەنگە هۆکاری ئەم ڕووداوە بێت و لێکۆڵینەوەی زیاتری لێکەوتبێتەوە. بەڵام تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی ئەمریکی وردەکاری وردی ئەو دۆسیەیەی بڵاو نەکردووەتەوە و هۆکاری کۆتایی ئەم دواکەوتنە بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە.
ئەم ڕووداوە دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە ئیمەن حسێن بە یەکێک لە گرنگترین یاریزانەکانی عێراق بۆ سەرکەوتن بۆ مۆندیالی 2026 دادەنرێت. ناوبراو ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینی لە گەڕانەوەی عێراق بۆ مۆندیال دوای 40 ساڵ بە گۆڵە یەکلاکەرەوەکەی بەرامبەر بۆلیڤیا لە یارییەکانی پلەی ئۆفی نێوان کیشوەرەکان و بووە یەکێک لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی تۆپی پێی وڵاتەکە.
هەڵبژاردەی عێراق کە بەم دواییە کەمپی مەشق و ڕاهێنانەکانیان لە ئیسپانیا تەواو کردووە، ئێستا بنکەکەی لە ئەمریکایە و لەوێ لە قۆناغی کۆتایی ئامادەکارییەکانیدایە بۆ مۆندیالی 2026. یاریزانانی گراهام ئارنۆڵد لە یەکێک لە سەختترین گروپەکانی پاڵەوانێتییەکەدا جێگر بوون و ڕووبەڕووی فەرەنسا و نەرویج و سەنیگال دەبنەوە.
No Comment! Be the first one.