چاویارنیوز _ “جاستین ئێجۆدامەن”، یاریزانێکی تەمەن 15 ساڵ لە ئەکادیمیای دۆرتمۆند، سەرنجی چەندین یانەی گەورەی ئەوروپای بۆ لای خۆی ڕاکێشا. بەرشەلۆنە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشکەوتنی ئەم بەهرەمەندە گەنجە دەکات، میلان و یۆڤانتۆسیش چاودێری بارودۆخی ئەو یاریزانە دەکەن.
بەرشەلۆنە لە درێژەدان بە سیاسەتی دەستنیشانکردنی بەهرەمەندە لاوەکانی تۆپی پێی ئەوروپا، ئەمجارەیان سەرنجی خۆی ئاراستەی ئەکادیمیای دۆرتمۆند کردووە. ناوی جاستین ئێجۆدامەن لە ڕاپۆرتەکانی دۆزینەوەی بەهرەمەندەکانی یانە کەتەلۆنییەکەدا هاتووە، لە چەند مانگی داهاتووشدا ئاستی ئەم یاریزانە لاوەی ناوەڕاستکارە لە نزیکەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی “سپۆرت”، بەرشەلۆنە زانیاری سەرەتایی لەسەر “جاستین ئێجۆدامەن” وەرگرتووە و داوای لە بەرپرسەکانی کردووە بەردەوام بەدواداچوون بۆ پێشکەوتنەکانی بکەن. بێگومان یانەی بەرشەلۆنە لەم ڕێگایەدا تەنیا نییە؛ هەروەها میلان و یۆڤانتۆس گرنگییان بەم یاریزانە نیشانداوە و چاودێری ئاستی یاریزانەکەی دەکەن لە ڕیزەکانی خوارەوەی دۆرتمۆنددا.
No Comment! Be the first one.