چاویارنیوز _ بەپێی هەواڵی میدیا وەرزشییەکان، یاری جامی سوپەری ئەوروپا بۆ وەرزی 2026-2027 یەکلایی بووەتەوە.
یارییەکە ڕۆژی چوارشەممە 12ی ئابی 2026 لە یاریگای ڕێدبول ئارنا لە شاری سالزبۆرگ پایتەختی نەمسا بەڕێوەدەچێت.
لەم یارییەدا کە بە شێوەیەکی نەریتی لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و پاڵەوانی یۆرۆپالیگ بەڕێوەدەچێت، پاریس سانجێرمان پاڵەوانی بەرگریکاری ئەوروپا ڕووبەڕووی ئەستۆن ڤێلا دەبێتەوە. ئەمەش دوای ئەوە ڕوویدا کە پاریسییەکان بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک نازناوی چامپیۆنزلیگیان بەدەستهێنا بە شکستپێهێنانی ئارسناڵ.
هەروەها ئەم یارییە لە ڕوانگەی تەکنیکییەوە زۆر سەرنجڕاکێشە، لە لایەکەوە لویس ئێنریکی کە تیپەکەی بەرەو باڵادەستی بێ وێنە لە ئەوروپا بردووە، لە لایەکی دیکەشەوە ئۆنای ئیمری ڕاهێنەری ئیسپانی یانەی ئەستۆن ڤێلایە کە براوەی ئێستای یۆرۆپالیگە و پێشتر لە پاریس سانجێرمانی بردۆتەوە لەم ڕکابەرییەدا.
یاریگای ڕیدبول ئارنا کە ماڵی یانەی ڕیدبول سالزبۆرگە، بۆ یەکەمجار میوانداری یاری کۆتایی ئەوروپا دەکات. یاریگا مۆدێرنەکە کە زیاتر لە 30 هەزار بینەر لەخۆدەگرێت، پێشتر سێ یاریی لە یۆرۆی 2008ی تێدا ئەنجامدراوە، هەروەها شاری سالزبۆرگ میوانداری بۆنە تایبەتەکان دەکات، لەنێویاندا فێستیڤاڵی هاندەران لە گۆڕەپانی سەرەکی شارەکە.
ئەستۆن ڤێلا کە دوایین جار لە ساڵی 1982دا جامی سوپەری ئەوروپای بەدەستهێنا، بە هیوای ئەوەیە سەرکەفتنێکی دیکە بەدەستبهێنێت، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئیمری لە یارییەکانی کۆتایی ئەوروپادا.
No Comment! Be the first one.