چاویارنیوز _ لە سەروبەندی دووەم یاری هەڵبژاردەی نیشتمانی ئێران لەگەڵ بەلجیک لە مۆندیالدا، میدیاکانی بەلجیک خاڵە لاوازەکانی تیپەکەیان ئاشکرا کرد.
ڕۆژێک پێش یاریی هەڵبژاردەی نیشتمانی ئێران بەرامبەر بەلجیک، میدیاکانی بەلجیک ڕاپۆرتی شیکارییان لەسەر ئاستی ئەو هەڵبژاردەیە لە یاری یەکەمدا بڵاوکردەوە کە هێندە باش نەبوو، هەروەها خاڵە لاواز و خاڵە بەهێزەکانیان خستەڕوو. لە یەکێک لەو ڕاپۆرتانەدا ئاماژەی بە لاوازی هێڵی بەرگری بەلجیک بەتایبەتی هەردوو بەرگریکاری ناوەڕاست و هەروەها نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هێڵی بەرگری و هێڵی ناوەڕاستدا کراوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەگەر ڕودی گارسیا بەنیازی ئەوە بێت بە پێکەوەگرتنی هێڵی بەرگری و ئاستێکی هاوشێوەی یاریی یەکەم بەرامبەر ئێران یاری بکات، ئەوە ڕەنگە کێشە بۆ هەڵبژاردەی بەلجیک دروست بێت و لەم خاڵەوە زیانی پێ بگات. هەروەها لاوازی هەڵبژاردەی بەلجیک لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکاندا یەکێکە لەو بابەتانەی کە لە میدیاکانی بەلجیکدا ئاماژەی پێکراوە و دەکرێت کێشە بۆ شەیتانە سوورەکان سازبکات.
یەکێک لە ماڵپەڕە بەلجیکیەکان لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی: ڕودی گارسیا دەبێت بیر لە کەلێنی نێوان هێڵی بەرگری و هێڵی ناوەڕاست بکاتەوە و پێش یارییەکە خاڵە لاوازەکانی چاک بکاتەوە. لە یەکەم یاریدا هەڵبژاردەی بەلجیک لەگەڵ میسر ئەنجامێکی یەکسانیان بوو و تاکە گۆڵی میسر بەکەڵکوەرگرتن لەم لاوازییەی بەلجیک تۆمارکرا، کەوابوو ڕاهێنەری بەلجیکی دەبێت بیر لە چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بکاتەوە و ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ ئەوەی لەو جۆرە هەلانە لەبەردەستی یاریزانانی بەرامبەردا نەبێت لە یارییەکە لەگەڵ ئێراندا.
هەر لەو پێوەندییەدا ماڵپەڕی “sporza”ی بەلجیکی ئاماژەی بە ئاستی خراپی بەرگریکارانی ناوەندی شەیتانە سوورەکان کردووە و بێئەزموونی ئەوانی بە لاوازییەکی گەورە بۆ بەلجیک ناوبرد کە دەتوانێت بەرانبەر بە هەڵبژاردەی ئێران کێشەیان بۆ ساز بکات.
No Comment! Be the first one.