چاویارنیوز _ ئەمشەو مۆندیالی 2026 دەستپێدەکات و یاری یەکەم لە نێوان مەکسیک و ئەفریقای باشوور بەڕێوەدەچێت، یارییەک کە یادی یاریی یەکەمی مۆندیالی 2010 زیندوو دەکاتەوە و دەتوانێت ڕێڕەوی هەردوو هەڵبژاردەی کۆمەڵەی A دیاری بکات.
ئەمشەو لە کاتژمێر 22:30ی ڕۆژی پێنجشەممە 11ی حوزەیرانی 2026، هەڵبژاردە نیشتمانییەکانی مەکسیک و ئەفریقای باشوور لە یەکەم یاری مۆندیالی 2026 ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە؛ یارییەک کە لە یاریگای ئازتێکا لە مەکسیکۆ سیتی بەڕێوەدەچێت و دەبێتە سەرەتای گەورەترین قۆناغ لە مێژووی مۆندیالدا.
ئەم یارییە یەکێکە لە گرنگترین یارییەکانی کۆمەڵەی A؛ چونکە ئەنجامەکەی دەتوانێت کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبێت لەسەر چارەنووسی پێشکەوتنی دوو تیپەکە لە گروپەکەدا.
مەکسیک وەک یەکێک لە سێ میوانداری مۆندیالی 2026 هاتۆتە نێو کێبڕکێیەکانەوە و بۆ سێیەم جار لە مێژووی خۆیدا بە میوانداری ئەم پاڵەوانێتییە دادەنرێت. تیپەکەی خاڤیێر ئاگیرە لە چەند مانگی ڕابردوودا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە و زۆرێک بە پاڵێوراوی سەرەکی بۆ پلەی یەکەمی کۆمەڵەکە دەزانن.
یەکێک لە بەختە گەورەکانی مەکسیک لەم یارییەدا یاریگای ئازتێکایە کە بۆ جاری سێیەم میوانداری یاریی یەکەمی مۆندیال دەکات و دەتوانێت زیاتر لە 80 هەزار هاندەری مەکسیکی لەخۆ بگرێت. کەشوهەوای قورسی یاریگاکە دەتوانێت فشارێکی زۆر بخاتە سەر یاریزانانی ئەفریقای باشوور. هەروەها بەرزی شاری مەکسیکۆ سیتی لە ئاستی دەریاوە وەکوو هۆکارێکی دیکە دادەنرێت.
لە بەرامبەردا ئەفریقای باشوور لەلایەن هوگۆ بروسەوە سەرکردایەتی دەکرێت. ڕاهێنەرەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی پێش یارییەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە یاریزانەکانی ماوەیەکی زۆرە خۆیان بۆ ئەم یارییە ئامادە دەکەن و تەنانەت زوو گەشتیان بۆ مەکسیک کردووە بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ کەش و هەوا و بەرزی شارەکەدا بگونجێنن.
No Comment! Be the first one.