چاویارنیوز _ ژائۆ فیلیکس، ئەستێرەی پورتوگالی یانەی نەسر، سەرەڕای ئەوەی لە دۆخی تۆپی پێی سعودیە ڕازییە، بەڵام بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە گەڕانەوە بۆ تۆپی پێی ئەوروپا هێشتا یەکێکە لە ئامانجە گرنگەکانی؛ بڕیارێک کە دەتوانێت داهاتووی هێرشبەرە تەمەن 26 ساڵەکە بکاتە یەکێک لە بابەتەکانی سەرنجڕاکێش لە بازاڕی گواستنەوەکان لە چەند مانگی داهاتوودا.
فیلیکس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاس جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕازییە بەوەی لە یانەی ئەلنەسر بووە، بەڵام بەنیازە بگەڕێتەوە بۆ تۆپی پێی ئەوروپا و وتیشی: لە یانەی نەسر زۆر دڵخۆشم و چێژ لە تۆپی پێ وەردەگرم، بەڵام گەڕانەوە بۆ ئەوروپا لە مێشکمدایە، هەرچەندە ڕەنگە دەستبەجێ ڕوونەدات.
ئەستێرە پورتوگالییەکە هەڵوێستێکی ڕوونی لەسەر کاتی ئەگەری گەڕانەوەی نەبوو و ڕایگەیاندووە کە هێشتا نازانێت ئەمە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ڕوودەدات یان لە وەرزی داهاتوودا. بەڵام ئامانجەکەی ڕوونە؛ بۆ ئەوەی جارێکی تر لە چامپیۆنزلیگ بێت و لە بەرزترین ئاستی تۆپی پێی یانەکاندا ڕکابەری بکات.
فێلیکس لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونی کردەوە کە یاریکردن بەرامبەر بە باشترین تیپ و یاریزانانی جیهان پاڵنەرێکی جیاواز دروست دەکات، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئارەزووی گەڕانەوەی بۆ ئەوروپا. هەروەها دووپاتی کردەوە کە بۆ ئێستا هەست بە ئاسوودەیی دەکات لە سعوودیە و لە ژیانی تۆپی پێی لە ئەل نەسر ڕازییە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە فیلیکس توانیویەتی فۆرمێکی بەرچاو بەدەستبهێنێتەوە لە دوای گواستنەوەی بۆ ئەلنەسر. ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو لە سعودیە کاریگەر بووە، هەروەها گۆڵی بۆ هەڵبژاردەی پورتوگال بەرامبەر وێڵز و نەرویج تۆمارکردووە، ئەمەش ئەگەری ئەوە هەیە سەرنجی یانەکانی ئەوروپا ڕابکێشێت ئەگەر بڕیاری ڕۆیشتنی بدات.
بۆیە تا ئێستا هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ جێهێشتنی فێلیکس لە ئەلنەسر ڕانەگەیەندراوە؛ بەڵام خودی یاریزانەکە بە ڕوونی پشتڕاستی کردەوە کە ئەوروپا هێشتا بەشێکە لە پلانەکانی داهاتووی و گەڕانەوەی بۆ چامپیۆنزلیگ یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی.
No Comment! Be the first one.