چاویارنیوز – کیلیان ئمباپێ لە سەروبەندی مۆندیالی2026دا لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا بەس شەڕ بۆ پاڵەوانێتی هەڵبژاردەکەی ناکات.
کیلیان ئمباپێی ئەستێرەی یانەی ڕیال مەدرید دەرفەتی ئەوەی هەیە لە کاتی یارییەکانی داهاتوودا چەندین ژمارەی پێوانەیی گرنگ و مێژوویی بەناوی خۆیەوە تۆمار بکات و پێگەی خۆی لەنێو گەورەترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێدا مسۆگەر بکات. ئمباپێ کە لە تەمەنی ٢٧ ساڵیدا بە یەکێک لە سەرکەوتووترین یاریزانەکانی مێژووی مۆندیال دادەنرێت، ئێستا لە مەودایەکی کورتدایە بۆ شکاندنی چەند ژمارەیەکی پێوانەیی گەورە.
بوون بە باشترین گۆڵکاری مێژووی فەرەنسا
کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە ئێستادا خاوەنی 55 گۆڵی نێودەوڵەتییە لە ژیانی وەرزشیدا و تەنها پێویستی بە دوو گۆڵی تر هەیە بۆ ئەوەی ژمارەی پێوانەیی “ئۆلیڤیێر ژیرۆ” تێپەڕێنێت. ئەگەر ژمارەی گوڵە تۆمارکراوەکانی ناوبراو بگاتە 57 گۆڵ، ئەوا بە تەنیا نازناوی باشترین گۆڵکاری مێژووی هەڵبژاردەی فەرەنسا بەدەست دەهێنێت.
تێپەڕاندنی ئەفسانەیەک بە ناوی “ژوست فوۆنتێن”
ئمباپێ تا ئێستا 12 گۆڵی لە مۆندیالدا تۆمار کردووە و تەنها دوو گۆڵ لە ڕیکۆردەکەی ژوست فۆنتێن کە ١٣ گۆڵە دووە و ئەگەر لەم پاڵەوانێتییەدا گۆڵ تۆمار بکات، ئەوا دەتوانێت ببێتە گۆڵکاری هەموو کاتەکانی فەرەنسا لە سەردەمی مۆندیالدا؛ ڕیکۆردێک کە بۆ دەیان ساڵە بە نەشکاوی ماوەتەوە.
هێرشکردنە سەر تۆمارە نەمرەکەی میرۆسلاڤ کلۆزێ
ڕەنگە گەورەترین ئامانجی تایبەتی ئمباپێ لەم مۆندیالەدا ئەوە بێت کە ببێتە گۆڵکاری مێژووی مۆندیال لە هەموو کاتەکاندا. ڕیکۆردی ئێستای میرۆسلاڤ کلۆزێ بە تۆمارکردنی ١٦ گۆڵ بەدەستەوەیە. بە تۆمارکردنی 12 گۆڵ، ئەستێرە فەرەنسییەکە تەنها پێنج گۆڵی ماوە بۆ شکاندنی ئەم ڕیکۆردە و ئەگەر بتوانێت لانیکەم پێنج گۆڵ لە مۆندیالی 2026دا تۆمار بکات، ئەوا ناوی خۆی لە پێشەنگی لیستی گۆڵکاران لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا دەبینێت.
ڕیکۆردێک کە هیچ یاریزانێک بەدەستی نەهێناوە
ئمباپێ تا ئێستا چوار گۆڵی لە یاری کۆتایی مۆندیالدا تۆمار کردووە؛ گۆڵێک لە یاری کۆتایی 2018 بەرامبەر کرواتیا و سێ گۆڵ لە یاری کۆتایی 2022 بەرامبەر ئەرجەنتین. ئێستا ئەگەر فەڕەنسا جارێکی تر بگاتە یاری کۆتایی و ئمباپێ لەو یارییەدا گۆڵ تۆمار بکات، ئەوا دەبێتە یەکەم یاریزانی تۆپی پێ لە مێژوودا کە لە یاری کۆتایی مۆندیالدا پێنج گۆڵ تۆمار بکات.
بۆ زۆرێک لە ئەستێرەکان شکاندنی تەنانەت یەکێک لەو ڕیکۆردانە دەستکەوتێکی گەورەیە، بەڵام ئمباپێ دەرفەتی ئەوەی هەیە لە یەک کاتدا لە مۆندیالی 2026دا چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی تۆپی پێ بنووسێتەوە، ڕووداوێک کە دەتوانێت زیاتر لە ئەفسانە ئەبەدییەکانی ئەو وەرزشە نزیکی بکاتەوە.
No Comment! Be the first one.