چاویارنیوز _ هەڵبژاردەی ئێران تاکە هەڵبژاردە نییە کە لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی مۆندیالدا، کێشەی سنووردارکردنی ڤیزە بۆ یاریزانەکانی لە لایەن حکومەتی ئەمریکا بۆی هاتۆتە پێش.
هەڵبژاردەی عێراق کە دوای 40 ساڵ سەرکەوت لە شکاندنی تەلیسم لەگەڵ گراهام ئارنۆڵد و بۆ دووەمجار گەیشتە مۆندیال، ئێستا ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە؛ ئەمریکا ڤیزەی بۆ پێنج یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق دەرنەکردووە کە بە ئەستێرەی هەڵبژاردەکە دادەنرێن و ئەمەش عێراقییەکانی تووشی شۆک کردووە.
هەروەها غالب ئەلزەمیلی، ئەندامی باڵای فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و دووپاتیشی کردەوە کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەنیازە ئەم بابەتە لەگەڵ فیفا بوروژێنێت بۆ ئەوەی بە زووترین کات چارەسەر بدۆزرێتەوە و ناڕەزایەتی دەرببڕێت لەسەر ئەم ڕووداوە.
ئەم پێنج یاریزانە بریتین لە “ئیبراهیم بایش، موهەنەد عەلی، زەید تەحسین، حەیدەر عەبدولکەریم و عەلی ئەلحەمادی”، کە هەموویان یاریزانی سەرەکی و کاریگەری هەڵبژاردەی عێراقن. بێ گومان نەبوونی ئەو یاریزانانە گورزێکی گەورە دەبێت بۆ گراهام ئارنۆڵد چونکە 5 یاریزانە کاریگەرەکەی لە هەموو پۆستەکاندا بەردەست نییە و ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی یاریزانەکانی دیکە هەیە لە مۆندیالدا.
پێدەچێت شوێنی خزمەتی سەربازیی ئەو یاریزانانە و مەیلی سیاسی و کوتلەیییان لە عێراقدا و هەروەها هەڵوێستییان وایکردبێت کە ڤیزە وەرنەگرن. ئەمە لە کاتێکدایە کە فیفا گەرەنتی ئەوەی دابوو کە حکومەتی ئەمریکا ڤیزە بە یاریزانانی سەرجەم هەڵبژاردە نیشتمانییەکانی بەشدار بوو لە مۆندیالدا دەدات!
No Comment! Be the first one.