چاویارنیوز _ هەڵبژاردەی نیشتمانی کوراسائۆ تەنها مانگێک پێش دەستپێکردنی مۆندیالی 2026، لەناکاو سەرۆکی ڕاهێنەرەکەی لەدەستدا . “فرێد ڕوتن” ڕاهێنەری هۆڵەندی دەستی لەکارکێشایەوە، میدیاکانی هۆڵەندیش هۆکاری ئەو بابەتەیان بە فشاری زۆری یاریزانان بڵاوکردەوە.
ڕوتن کە وەک جێنشینی دیک ئەدڤۆکات دەستنیشانکرا،هەمان ڕاهێنەرێک کە سەرکردایەتی تیپەکەی کردبوو بۆ گەیشتن بە یەکەمین مۆندیال. ئەدڤۆکات لە مانگی شوباتدا بە هۆکاری تایبەتی دەستی لەکارکێشایەوە. کوراسائۆ لە کۆمەڵەی یەکەمی مۆندیالدایە لەگەڵ ئەڵمانیا، کەناری عاج و ئیکوادۆر.
یەکێتی تۆپی پێی کوراسائۆ لە بەیاننامەیەکدا لە سۆشیال میدیای خۆیدا ڕۆیشتنی “ڕوتنی” پشتڕاستکردەوە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە، “لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و پەیوەندی پڕۆفشناڵی تەندروست لەنێوان یاریزانان و ستافی ڕاهێنەرایەتیدا، ڕوتن بڕیاریداوە دەست لەکاربکێشێتەوە”.
خودی ڕوتن وتی: نابێت هیچ کەش و هەوایەک هەبێت کە زیان بە پەیوەندییە پڕۆفشناڵە تەندروستەکانی ناو تیپەکە یان ستافی ڕاهێنەرایەتی بگەیەنێت، لەبەر ئەم هۆکارە دەستلەکارکێشانەوە بڕیارێکی دروستە، کاتێکی زۆر نەماوە و دەبێت کوراسائۆ لەسەر ڕێگای خۆی بەردەوام بێت، پەشیمانم لە شێوازی پەرەسەندنی ئەم ڕووداوانە، بەڵام هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازم.
لە بەیاننامەیەکدا فیدراسیۆنی کوراسائۆ ستایشی پڕۆفشناڵی و سەرکردایەتی و پابەندبوونی ڕوتنی بە تۆپی پێی وڵاتەکەی کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو بەرژەوەندییەکانی تیپەکەی لە پێش بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە داناوە، بە لەبەرچاوگرتنی یارییە گرنگەکانی پێشەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئێستا فیدراسیۆنەکە سەرنجی لەسەر پاراستنی ئارامی لە دەوروبەری هەڵبژاردەی نیشتمانی و بەردەوامبوونە لە کارکردن بۆ ئامانجە وەرزشییەکانی کوراسائۆ”.
بڕیارە ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەرپرسانی فیدراسیۆنی کوراسائۆ وردەکاری زیاتر لەسەر ڕووداوەکە بخەنە ڕوو. هەروەها فیدراسیۆنەکە ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا لیستی کۆتایی بانگهێشتکراوەکانی هەڵبژاردەی نیشتمانی بۆ مۆندیال ڕاناگەیەندرێت.
No Comment! Be the first one.