چاویارنیوز _ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دوای چەند ڕۆژێک گرژی و ئاڵۆزی لەگەڵ ژێرژێ ژسوس بە فەرمی کەمپی هەڵبژاردەی پورتوگالی بەجێهێشت و لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە هۆکاری ئەم بڕیارە لە کاتی گونجاودا بۆ خەڵکی وڵاتەکەی ڕوون دەکاتەوە.
قەیرانی کەمپی پورتوگال پێی ناوەتە قۆناغێکی جددیتر. کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ تەنها ڕۆژێک پێش یارییەکەی بەرامبەر دانیمارک بڕیاریدا کەمپی هەڵبژاردەی نیشتمانی بەجێبهێڵێت؛ ڕووداوێک کە دوای چەند ڕۆژێک لە ناکۆکی و ناڕوونی سەبارەت بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ ژێرژێ ژسوس ڕوویدا.
ڕۆناڵدۆ بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە پەیجی تایبەتی خۆی پشتڕاستی کردەوە کە دوای کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ سەرۆکی ڕاهێنەری پورتوگالی و گفتوگۆ لەگەڵ پێدرۆ پرۆینکا سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی وڵاتەکەی بڕیاری جێهێشتنی کەمپەکەی داوە.
کاپتنی پورتوگال لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی “لە کاتی گونجاودا” ڕاستییەکان بۆ گەلی پورتوگال ڕوون دەکاتەوە سەبارەت بەو هۆکارانەی کە وایکردووە کەمپی هەڵبژاردەی نیشتمانی بەجێبهێڵێت. هەروەها هیوای سەرکەوتنی بۆ پورتوگال و سەرجەم هاوڕێکانی خواست.
بڕیارەکە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەی ژێرژێ ژسوس ڕاگەیەندرا، کە تیایدا ڕاهێنەری پورتوگال جەختی لەوە کردەوە کە هیچ “دۆسیەیەک” لەنێوان ئەو و ڕۆناڵدۆدا نییە، هەروەها کاپتنەکەش ئامادە دەبێت بۆ مەشق و ڕاهێنانەکانی ئەم ئێوارەیە.
ژێرژێ ژسوس هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ یاریزانێک بەبێ گوێدانە پۆست و ئەزموونەکانی، بڕیارە تەکنیکییەکانی ئەو ناگۆڕێت. بەڵام ڕۆناڵدۆ بەپێچەوانەی لێدوانی ڕاهێنەرەکە بەشداری مەشقەکانی کۆمەڵەی نەکرد و بە ئۆتۆمبێلی فیدراسیۆن یاریگای بەجێهێشت. فیدراسیۆنەکە سەرەتا تەنها ئامادەنەبوونی لە مەشق و ڕاهێنانەکاندا پشتڕاستکردەوە، بەبێ ئەوەی ڕوونکردنەوەیەک بۆ هۆکارەکەی بدات.
No Comment! Be the first one.