چاویارنیوز _ یانیک سینەر نەک هەر بە بردنەوەی نازناوی ماستەرز ڕۆما کۆتایی بە تەلیسمی 50 ساڵەی ئیتاڵییەکان هێنا، بەڵکو وایکرد جیهانی تێنس سەرسامی بێت بە تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی لە “ماستەرزی زێڕین” لە تەمەنی 24 ساڵیدا.
شەوێک کە ڕۆما سەرسام بوو بە درەوشاوەیی ئەستێرە بێ مشتومڕەکەی ئەم ڕۆژانە لە جیهانی تێنسدا، یانیک سینەر توانی بە سەرکەفتنی 2-0 لە کاسپێر ڕود، جامی پاڵەوانێتی تێنسی ماستەرز ڕۆم بە 1000 خاڵ کە بە پاڵەوانێتی “ئیتاڵیای کراوە” ناسراوە، لە ماڵی خویدا دایبنێت. سینەر بە ئەنجامە هاوشێوەکانی 6-4 لە دوو کۆمەڵەدا، جارێکی دیکە نیشانیدا کە بۆچی لە ئێستادا هیچ ڕکابەرێک لە جیهاندا بۆ ئەو بوونی نییە.
شاهکاری ڕاستەقینەی سینەر لە پاڵەوانێتییەکی سادە تێدەپەڕێت. ئێستا ئەو لەگەڵ نۆڤاک جۆکۆڤیچ تاکە یاریزانە لە مێژوودا کە لە هەر 9 پاڵەوانێتی ماستەرز 1000 سەرکەوتنی بەدەستهێنابێت. شتێکی سەرسوڕهێنەر ئەوەیە کە جۆکۆڤیچ لە تەمەنی 31 ساڵیدا ئەم شانازییەی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا سینەر لە تەمەنی 24 ساڵیدا نازناوی “گراند سلام ماستەرز”ی تەواوکردووە، تەواوکردنی نۆ ماستەر لە تەمەنی 24 ساڵیدا مانای ئەوەیە سینەر حەوت ساڵ زووتر لە جۆکۆڤیچ گەیشتووەتە ئەم پێگەیە. ئەمەش واتە ئێمە چاومان لە سەرەتای دیکتاتۆرییەکی نوێیە لە جیهانی تێنسدا.
No Comment! Be the first one.