چاویارنیوز _ لیاندرۆ پاردێس دانی بەوەدانا کە لە بەردەوامبوونی لە یانەی ئالبی سێلێستە دوای ماڵئاواییکردنی لیۆنێل مێسی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین چیتر دڵنیا نییە؛ یاریزانە تەمەن 32 ساڵەکە، وازهێنانی مێسی و سزا قورسەکەی خۆی بۆ بەشداری نەکردن لە 10 یاریدا بە دوو هۆکاری گرنگ دەزانێت بۆ ئەم بڕیارە.
ڕەنگە کۆتایی هاتنی ژیانی وەرزشی لیۆنێل مێسی لە هەڵبژاردەی نیشتمانیدا سەرەتای گۆڕانکاری فراوانتر بێت لە نەوەی زێڕینی هەڵبژاردەی ئەرجەنتیندا. لیاندرۆ پاردێس، یەکێکە لە یاریزانە بەئەزموونەکان و نزیک لە مێسی لەم ساڵانەی دواییدا، ئێستا بە ئاشکرا باس لەوە دەکات کە ئەویش گومانی هەیە لە بەردەوامبوون لە هەڵبژاردەی نیشتمانیدا. پاردێس کە ئێستا کاپتنی یانەی بۆکا جونیۆرزە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە ماڵئاواییکردنی مێسی ڕایگەیاند؛
“میراتەکەی بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە؛ بۆ هەموو ئەو شتانەی کە لە دوای خۆی بەجێی هێشتووە، بۆ ئەوەی هەرگیز واز نەهێنن و بزانین گەیشتن بە خەونەکان دەتوانن بە ئازار بن، بەڵام دەبێت شوێنیان بکەویت و لە کۆتاییدا بەدەستیان بهێنیت.”
ئەو یاریزانە تەمەن 32 ساڵەی هێڵی ناوەڕاست ئاشکرای کرد کە بڕیارەکەی مێسی بە تەواوی بۆ تیپەکە چاوەڕوان نەکراو نەبووە. یاریزانەکان لە ڕۆژانی کۆتایی مۆندیالی 2026 باسیان لە ئەگەری ماڵئاوایی کردنی کاپتنەکەیان کردبوو، دەیانزانی یاریی کۆتایی بەرامبەر ئیسپانیا دەتوانێت دوا یاری بێت بە درێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینەوە. پاردێس وتیشی؛ هەمیشە ویستمان لەگەڵیدا یاری بکەین و لە تەنیشتی بین، لە ڕۆژانی کۆتایی مۆندیالدا قسەمان کردبوو کە پێدەچێت یاری کۆتایی دوا یاری بێت، بەڵام تەنانەت بە زانینی ئەوە ئامادە نەبووین بۆ ئەوە، بەهۆی ئەوەی مانایەی لە لیۆ بۆ هەموومان هەیەتی.
بەڵام گرنگترین بەش لە قسەکانی پاردێس سەبارەت بە داهاتووی خۆی بوو کە دانی بەوەدانا و گوتی: “ئەستەمە بۆ من بەردەوام بم لە هەڵبژاردەی نیشتمانیدا، بە دوورخستنەوەم و بڕیارەکەی لیۆ و هەموو شتێک، ئەستەمە هەموو شتێک وەک پێشوو بەردەوام بێت”.
پاردێس هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە و ڕایگەیاندووە، سەرەتا دەبێت لەگەڵ لیۆنێل سکالۆنی قسە بکات و زیدیشی کردووە: تا ئێستا قسەم لەگەڵ ڕاهێنەرەکە نەکردووە، قسەی لەگەڵ دەکەین و دواتر دەبینین چ بڕیارێک دەدەم.
No Comment! Be the first one.