چاویارنیوز – سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا، ناوەندی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ و شوێنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی جۆری MQ9یان لە بنکەی (شازادە حەسەن) لە ئوردن تێکشکاندووە.
رۆژی یەکشەممە سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو ئەمریکا هەوڵیداوە لە باشووری گەرووی هورمز ئاڵۆزی بنێتەوە، بەڵام لەلایەن هێزی دەریایی ئێرانەوە بەرپەرچ دراونەتەوە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە “ئەمریکا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستانەی، هێرشی کردووەتە سەر چەند بنکەیەکی کەناراو و تاوەرەکانی پەیوەندیی ئێران لە کەناراوەکانی باشوور.”
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران وەک وەڵامێکی خێرا، بە چەندین مووشەکی بالیستی بنکەی ئاسمانی “پرنس حەسەن”یان لە ئوردن کردووەتە ئامانج.
سوپای پاسداران دەڵێت: “لە قۆناخی یەکەمدا ژێرخانە گرنگەکان و ناوەندی فەرماندەیی و کۆگای هەڵگرتنی درۆنە پێشکەوتووەکانی ئەمریکامان تێکشکاندووە.”
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، سوپای پاسداران هۆشداریی تووند دەداتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رایدەگەیێنێت: “بەردەوامیی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا، وەڵامی زۆر تووندتر و کوشندەتری بەدوادا دێت.”
No Comment! Be the first one.