چاویارنیوز – یانەی ڕیال مەدرید بەنیازە لە گواستنەوەی هاوینەدا گۆڕانکاری بەرفراوان لە پێکهاتەکەیدا بکات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی میدیای ئیسپانی و نێودەوڵەتی، ڕاهێنەرانی لۆس بلانکۆس ئامادەن پەیوەندی لەگەڵ هەشت یاریزانی یانەکەیان بپچڕێنن بەمەبەستی باشترکردنی پێکهاتەی تیپەکە و دروستکردنی هاوسەنگی دارایی.
سەرچاوەکانی هەواڵ جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئامانجی سەرەکی یانەکە دەستەبەرکردنی سەرچاوەی دارایی بەرچاوە لەڕێگەی فرۆشتنی ئەو یاریزانانەی کە لەماوەی ئەم وەرزەدا نەیانتوانیوە جێگەی هەمیشەیی لە تیپی یەکەمدا بدۆزنەوە یان ڕووبەڕووی کەمی کاتی یاریکردن بوونەتەوە. لە لووتکەی ئەم لیستەدا ناوی ڕۆدریگۆ، یاریزانی باڵی بەڕازیلی ڕیاڵ مەدرید؛ یاریزانێک کە یانەکە پێی وایە دەتوانێت زۆرترین داهات لە فرۆشتنەکەی بەدەستبهێنێت.
جگە لەوەش ئەندری لونین گۆڵپارێزی یەدەگی تیپەکەش بە بژاردەیەکی جددی دادەنرێت بۆ ڕۆشتنی لە هاویندا. لە هێڵی بەرگریشدا فێرلاند مێندی و فران گارسیا لە لیستی گواستنەوەکاندان. لە هێڵی ناوەڕاستیشدا ئایندەی دانی سیبالۆس و برایم دیاز و ئێدواردۆ کاماڤینگا نادیارە. هەروەها پێشبینی دەکرێت گۆنزالۆ گارسیای هێرشبەری لاوی یانەی ڕیال مەدرید لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەکەی جێبهێڵێت.
ئیدارەی یانەکە بە نیازە ئەو بڕیارانە بدات بە مەبەستی دابینکردنی سەرچاوەی دارایی پێویست بۆ ڕاکێشانی یاریزانی نوێ و زیادکردنی توانای ڕکابەریی تیپەکە. لە ئێستادا ڕیاڵ مەدرید دوای ١٦ یاری بە کۆکردنەوەی ٣٦ خاڵ لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی لالیگادایە.
وابڕیارە گواستنەوەی هاوینەی داهاتوو قۆناغێکی چالاک و یەکلاکەرەوە بێت بۆ یانەی ڕیال مەدرید، هاندەرانیش چاوەڕێی هەواڵی گرنگ و پێشهاتە سەرنجڕاکێشەکانن لە ئایندەیەکی نزیکدا.
No Comment! Be the first one.